لاگۆس
حكومەتی نەیجیریا راگەیاندنی خەلافەتی لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی بۆكۆ حەرامەوە لە باكووری ئەو وڵاتە رەتكردەوە.
وەزیری راگەیاندنی نەیجیریا لاباران ماكو، لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: هیچ بەشێكی نەیجیریا رادەستی هیچ تەریقەت و رێكخراوی نایاسایی نەكراوە و ناكرێت.
رێكخراوی تیرۆریستی بۆكۆ حەرام رایگەیاندبوو ئەو ناوچانەی باكووری نەیجیریا كە دەستیان بەسەردا گرتووە بەشێكە لەو دەوڵەتی خەلافەتەی دایانمەزراندووە.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا ئەبوبەكر شیكاو سەركردەی بۆكۆ حەرام سوپاسی خوا دەكات بۆ سەركەوتنەكانیان لە غوزا و بوونی غوزا بە بەشێك لە خەڵافەتەكەیان. باسیش لەوە دەكات كە لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر ویلایەتەكانی ئابوجا، یۆبا و شاری داماتورو سەركەوتنیان بەدەستهێناوە. ناوچەكانی غوزا لە ویلایەتی بۆرنۆی باكووری خۆرهەڵاتی نەیجیریا، بونی یادی سەربە ویلایەتی یۆبا و شاری ماداگالی ویلایەتی ئاماداوا لە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی بۆكۆ حەرامدان.