واشینتۆن
وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چاك ھێگل لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە دەستخۆشی لەو ھاوپەیمانانە دەكەین كە ئامادەبوونی خۆیان بۆ ھاوكاریكردنی گەلانی عێراق لە دژی تیرۆریستان دەربڕیوە و لە ئێستادا بێجگە لە ئەمریكا و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، 7 وڵاتی دیكە ئامادەبوونیان بۆ گەیاندنی ھاوكاری سەربازی بە ھێزی پێشمەرگە راگەیاندووە."
ھێگل جەختی لەوە كردەوە كە بۆ پشتگیریكردن و ھاوكاریكردن لە كورد ئەمریكا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە دژی داعش كردووە و لە رۆژانی داھاتوودا چەند وڵاتێكی دیكەیش بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانە دەكەن و بەو جۆرە ھێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر چەكدارانی داعش خێراتر دەبن و "ئێمە وەكو ئەمریكا سوپاسی ئەو وڵاتانە دەكەین كە لەگەڵ سوپای ئەمریكادا ھاوكار دەبن. ئەو ھەوڵمەتە نێودەوڵەتییە كە بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا بەڕێوە دەچێ، ھاوكارییەكی زۆر گەورەیە بۆ كورد كە شەڕی تیرۆریستە بێ رەحمەكانی داعش دەكەن و بڕیاری گەلانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ و ئەمریكایش بۆ پشتگیری كردنی ئەو ھەڵمەتە داوا لە ھەموو ھاوپەیمانانی لە سەرانسەری جیھان دەكات كە پێكەوە كار بكەن."
ھێگل لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "بۆ پەلەكردن لە ھاوكاریكردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دژی تیرۆریستانی داعش بە سەرپەرەشتی ئەمریكا پێش دوو هەفتە كۆمیتەیەك دامەزرێنراوە و لەو چوارچێوەیەدا بێجگە لە ھاوكارییەكانی واشینتۆن و بەغدا،7 وڵاتی دیكە ئامادەبوونیان بۆ گەیاندنی ھاوكاری سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگە دەربڕیوە و ئەو وڵاتانە بریتین لە ئەڵبانیا، كەنەدا، كرواتیا، دانمارك، ئیتالیا، فڕەنسا و بەریتانیا."