ھەولێر
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ دیاربەکر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەموو خەڵکی کوردستان سەفەری سەرۆک بارزانییان زۆر بەرز نرخاند، سەردانەکە سەردانێکی دیرۆکییە و ھیوادارین ببێتە ھاندەرێک بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و کۆتایھێنان بە گرژی و ناخۆشی و چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی کورد لە تورکیا."
ھەروەھا گوتی: "تورکیا لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە پێشکەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە، لە بواری پرۆسەی ئاشتی و برایەتیی نەتەوەکانیشدا دیسان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە."
دزەیی لەبارەی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا گوتی: "پەیامی سەرۆکی ھەرێم زۆر ئاشکرا بوو، پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئازادی و یەکتر قبوڵکردن بوو، بێگومان پەیوەندیی ھەرێم لە گەڵ تورکیا پەیوەندیەکی دێرینە."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم فەلاح مستەفا لەبارەی سەردانەکەی بارزانی بۆ دیاربەکر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ئەو سەردانە مێژوویی و گرینگە بە دەستپێکی قوناغێکی نوێ دادەنێین، لە لایەک پەیوەندیەکان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دواتریش پەیوەندیی برایەتی نێوان گەلی کورد و تورک."
ھەروەھا گوتی: "ئەو گوڕانکاریانەی لەسەر دەستی سەرۆکوەزیر ئەردۆغان و ئاك پارتی لە تورکیا کراون پێویستە پشتیوانییان لێ بکرێ، ئێمە پڕ بەدڵ پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دەکەین، پرۆسەی ئاشتی سەلماندی رێگای راست پێکەوە ژیان و ئاشتی و دیالۆگە."
فەلاح مستەفا ئەو رۆژەی بە رۆژێکی مێژوویی دانا و گوتی: "سەردانەکە بەخێرایی بەرھەمێکی باشی دا بەجۆرێ ھەموو کەسێک ھەستی پێدەکا و پەیامێکی راستگۆیانە بوو لەلایەن سەرۆکوەزیرانی تورکیاوە، کە ھەردوو لایەن پێکەوە بە دۆستی و برایەتی پێکەوە بژین."