Fahrettin İbrahim , Yusuf Aydın Deniz
19 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2019
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی رووداوی تێکهەڵچوونەکەی چەند گەشتیارێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە لە گەشتیارگەی ئوزونگۆل کە بووە هۆی دەستگیرکردنی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا کە بە ناوی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە کە "ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فرۆکەخانەکان و ھۆلەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەدا وێرای ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوایکردووە لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن.
ئەوەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:
راگەیێنراوێک لە لایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی دەستگیرکردنی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا
لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا ، تووشی پەلاماردان و دەستدڕێژی بوونەوە بە هۆی ئەوەی ویستوویانە بە ئاڵای کوردستانەوە وێنە بگرن ، دواتر دەستگیراون و بە نیازن بیاندەنە دادگە.
ئاشکرایە ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فرۆکەخانەکان و ھۆلەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان.
بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو رووداوە ، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لە گەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن .
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان