ھەولێر
دوو حیزبی کوردی لەسوریا دەڵێن رژێمی بەشار ئەسەد تاوانباری شەڕی ماڵوێرانکەری سوریایەو ئامادە نین لەکۆنفرانسێکدا بەشداربن کە نوێنەری ئەوانیشی تێدا بێ، بەڵام ئەگەر کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بێ ئەوا ئامادەن بەشداریی بکەن.
نوری بریمۆ، گوتەبیژی پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا- الپارتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر تەنیا گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا بەشدار بن، ئێمەش بە شاندێکی کوردی بەشداریی لەکۆنفرانسی جنێڤ٢ دەکەین، چونکە لە سوریا دوای ئەو ھەموو کوشتن، کیمیابارانکردنی خەڵک و بەرپابوونی شەڕی تایفی کە دەوڵەت لێی بەرپرسە چۆن دەکرێ لەکۆنفرانسێکی وادا پێکەوە کۆببنەوە؟ ھەرگیز ئۆپۆزسیۆنی سوریا و رژێمی بەعس پێکەوە بەشداریی جنێڤ٢ ناکەن."
گوتەبێژی الپارتی جەختیکردەوە کوشتنی ھەزاران مەدەنی و دەربەدەر کردنی ملیۆنان دانیشتووی سوریا لەلایەن دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بایی ئەوەی پێوە نەماوە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمێکی بەو چەشنە بکرێ: "ئامانج لەکۆنفرانسی جنێڤ٢، ئەوەیە رژێمی بەعس و ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێکەوە کۆببنەوە و لە سەر ھەندێ خاڵ رێکبکەون، ئەوە کارێکی زۆر زەحمەتە ئەگەر وا بکرێت ناوی جنێڤ٢ نییە و بەڵکو ناوی سایکس - پیکۆ دەبێ."
بریمۆ بەو جۆرە ھەڵسەنگاندنی کرد بۆ رۆڵی کورد لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا: "رژێمی بەشار ئەسەد چەندین ساڵە مافی کوردی لەسوریا پێشێلکردووە بۆیە لە شەڕی ناوخۆدا ئێمە بڕیارماندا ھاوشانی ئۆپۆزسیۆن لە یەک بەرەدا بین، بەڵام ئۆپۆزسیۆن قەبوڵی نەکرد، ئەوان وایان دەزانی رژێمی ئەسەد بە زوویی دەڕوخێ و بەشار چۆن لە گەڵ کورد ھەڵسوکەوتی دەکرد ئەمانیش ھەروا، بەڵام بەداخەوە شەڕ درێژەی کێشا و بووە پرسێکی نێودەوڵەتی، ئاشکرایە ئیتر بەبێ کورد لەسوریا حکومەت پێک ناھێنرێ ئەگەرسوریا دابەش بکرێ کورد حکومەتی فیدراڵ لە رۆژئاوا دروست دەکات."
لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا بریمۆ گوتی: "راگەیاندنی ئێران و روسیا و پ.ک.ک، ھەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە لەسەر کوشتوبڕی خەڵکی کورد لەسوریا، بەشی زۆری خەڵک لەترسی ئەو دەنگۆیانە ھەڵاتن پاش ماوەیەک لە ھەرێمی کوردستان روون بوو ئەو ھەواڵانە راست نین، خەڵک دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان، و ئێمە وەک الپارتی دەمانەوێ خەڵک بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، ئەگەر رژێمی ئەسەد بڕوخێ ئەوکات حیزبەکانی گرێدراوی رژێم لە ناو دەچن."
لەلایەکی دیکە مستەفا جوما، سەرۆکی گشتی حیزبی ئازادی سوریا گوتی: "ئێمە لە گەڵ ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا بەشداریی دەکەین لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ تا بتوانین بەشێک لە مافەکانی کورد وەکو دەوڵەتی فیدراڵ، زمان و ناسنامە لەو کونگرەیەدا باس بکەین، بەڵام ئەگەر دەوڵەتێکی نەتەوەیی ھەبێ لەسوریا ئەوا دیسانەوە نایەکسانی و دیکتاتۆرییەت دێتەوە ئاراوە."
جوما ھەروەھا گوتی: "ئەو شەڕەی بەرەی نوسرە لە سوریا دەیکات دژی پەیەدەیە نەک دژی کورد، کەواتە پەیەدە ھۆی تێکچوونی رەوشی رۆژئاوای کوردستانە، ئێمە ئەگەر وەکو کورد لە رۆژئاوا خەباتمان ھەبایە لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنی عەرەب دانیشتنمان دەکرد ئەو کات بەرەی نوسرە درووست نەدەبوو."
سەرۆکی گشتی حیزبی ئازادی سوریا لەبارەی رێگرییکردن لەھاوسەرۆکی پەیەدە بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "رێنەدان بە ساڵح موسلیم، وەکو پەیامێک بوو کە ھەرێمی کوردستان بۆ پەیەدە کە شۆڕشی رۆژئاوا بە تەنیا نابێ، ئەگەر بەتەنیا شۆڕش بکەن ئێوە دۆستانی ئێمە نین."