قاھیرە
فەیاز سارا، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھاوپەیمانی شۆڕشگێرانی سوریا رایگەیاند: دەبێ ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەلماندنی قسەکانی لە بارەی چارەسەری قەیرانی سوریا ھەنگاوی کرداری بنێ.
فەیاز گوتی: "ئەگەر بەڕاستی نەسروڵڵا لەبارەی چارەسەری قەیرانی سوریا راست دەکا و قەیرانی سوریا بە رێبازی سەربازیی چارەسەر ناکرێ، با قسەکانی بسەلمێنێ و چەکدارانی خۆی لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام حیزبوڵڵا و نەسروڵلا خۆیان رادەستی رژێمی ئەسەد کردووە، چەکدارانی حیزبوڵڵا لە دژی خەڵکی سوریا پشتگیریی رژێمی ئەسەد دەکەن و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن."
سارا رایگەیاند: پێویستە نەسروڵڵا لە جیاتی سوریا سەیری وڵاتی خۆی بکا کە بووەتە وێرانەیەکی سیاسی، دانەمەزراندنی حکومەتی لوبنان نیشانەیەکی بەرچاوی ئاڵۆز بوونی بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتەیە.
حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاند: قەیرانی سوریا تەنیا بە دیالۆگی سیاسییانە چارەسەر دەکرێ و دەبێ ئۆپۆزسیونی سوریا بەشداریی لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ بکا و سوود لەو دەرفەتە وەربگرێ.