ڕۆژی شەممە، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، تۆڕی سپی-یان راگەیاند کە چاودێری ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی نیسان دەکا لە هەرێمی کوردستان.
ئەو تۆڕە لە ١٣ رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی مۆڵەت پێدراو پێکھاتووە و تائێستا ٥٤٩ کەس وەکو چاودێر تۆمارکراون.
ئەندامانی تۆڕی سپی، سەرەتای کاریان بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەک بوو لە فەرمانگەی دادنووسی ھەولێر.
محەمەد گومەشینی، بەڕێوەبەری تۆڕی سپی بۆ پەیامنێران ئامانج و کارەکانی روونکردەوە و گوتی: "ئێمە وەکو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، رێککەوتووین لە ھەڵبژاردنی ئەو جارە بۆ چاودێری پرۆسەی دەنگدان، کارێکی ھاوبەش بکەین بە مەبەستی ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بە شەفافی و پاکی بەرێوەبچێ. ھەروەھا رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەتوانن لەڕووی چاودێری و لەڕووی ھۆشیارییەوە. ئێمە پابەند دەبین بە رێنمایی و یاساکانی کۆمسیۆنی باڵاوە دواتر ھەموو سەرپێچی و سەرەنجەکانمان بە راپۆرت تۆمار دەکەین."
چاودێرەکانی تۆڕی سپی، لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان لەسەر ئاستی شارەکانی ھەێمی کوردستان، رۆژی ٢٨ی نیسان لە دەنگدانی تایبەت و رۆژی ٣٠ی نیسان دەنگدانی گشتی، چاودێری پرۆسەکە دەکەن.