Heman Hussein Yaseen
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە دووەم دانیشتنی ئاسایی وەرزی یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر دوو تەوەر کرا. لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق بەبۆنەی ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆم، گوتەیەکی پێشکەش کرد و دواتر بڕگەی دووەمی کارنامەی دانیشتنەکە جێبەجێکرا کە بریتی بوو لە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارکردنەوەی ١٧ ماددە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە لە ١٢٦ ماددە وگفتوگۆ لەسەر هەموارکردنەوەی ١٧ ماددە کرا و ماددەی ١١٠ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی کردە دوو بەشەوە و بەمەیش نەتوانرا ماددەی ١١٠ دەنگی تەواوی لەسەر بدرێت و داوا کرا فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو ماددەیە بکەن چونکە لە بڕگەی دووەمی ماددەی ١١٠ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە کە "پەرلەمانتار ئازادە لەکاری پەرلەمانیی، بەڵام ھەرکاتێک ئەندامی فراکسیۆنێک لە فراکسیۆنەکەی خۆی جیا بووەوە یاخود چووە پاڵ فراکسیۆنێکی تر، ئەوا ئەندامێتی خۆی لە دەست دەدات لە پەرلەمان و کەسێکی تر، لەو فراکسیۆنە بەپێی رێزبەندی شوێنی پردەکاتەوە بە رەزامەندی پەرلەمان".
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەمڕۆ هەمواری پێشنیازی پەیڕەوی ناوخۆ تاوتوێکرا و بڕگە و ماددەکانی قسەیان لەسەرکرا ئەوەی کە گرنگ بوو بریتیی بوو لە ماددەی ١١٠ کە داواکرا خاڵی دووەمی لابرێت کە باس لەوە دەکات ئەگەر پەرلەمانتار بچێتە ناو فراکسیۆنێکی دیکە ئەوا ئەندامێتی لەدەست دەدات".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "ئەم ماددەیە دوو دیوی هەیە لە لایەک پەرلەمانتار کە نوێنەری خەڵکە مافی خۆیەتی کە نوێنەرایەتی خەڵک بکات و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو پەرلەمانتارە نوێنەرایەتی خەڵکێک دەکات لەسەر ئەو بنەمایەی کە لیستێک و قەوارەیەک پشتگیری لێ دەکات و ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگیرێت".
ماددەی ١١٠ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی زۆری لەسەر کرا و دوو بۆچوون هەبوو، بەشێک پێیان وابوو ماددەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و بەشێکی دیکەش پێیان وابوو کە پەرلەمانتار ئازادە لە فراکسیۆنەکەی خۆی بکشێتەوە و بچێتە ناو فراکسیۆنێکی دیکە و لەمبارەیەوەش وەکو بۆچوونی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی ئەوەم کرد کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان رێکبخرێت و ئەم بابەتە زیاتر تاوتوێ بکرێت، چونکە دەنگدەران چاوەڕوانی ئەو لە پەرلەمانتار دەکەن کە دەنگیان پێیداوە و دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "بۆیە پێموایە پێویستی بە گفتوگۆکردن هەیە لە نێوان فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، چونکە فراکسیۆنیش مافی ئەوەی هەیە کە پەرلەمانتار لە رێگای ئەوەوە هاتووەتە پەرلەمان بۆیە دەکرێت شتێک بکرێت پەرلەمانتار کەسایەتی پارێزراو بێت".