ھەولێر - شوان سدیق
لیستەکان دروشمی جۆربەجۆر بەرز دەکەنەوە، کێبڕکێیانە لەسەر دەنگی ھاووڵاتیان بۆ بەراوردکردنی بەڵێن و کارنامەکان جیاوازی ئەوتۆ نابینرێ.
ھەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان جیاوازی زۆری ھەیە لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی پێش خۆی، ئەمجارە ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکانی سەرمایەدارو چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی بەلیستی جیاواز لەحیزبەکان بەشداریی کێبەرکێیان کردووە.
ئەمجارە ٣١ قەوارەی سیاسی و لیستی سەربەخۆو ناحیزبی کێبرکێیانە لەسەر ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان، بەگشتی قەوارە بەشداربووەکان ١١٣٨ کەسیان کاندیدکردوە، ھەزاران دروشمیان بەرزکردووەتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ١١ خاڵ کارنامەیەکی ٧٨ لاپەڕەیی لەژێر "ناوی پێکەوە بەرەو کوردستانێکی گەشتر" راگەیاندووە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکێ لەدوو حیزبە حوکمڕانەکەی ھەرێمی کوردستان بەکارنامەیەکی ١٣٦ خاڵەوە ھەڵمەتی بانگەشەی بەڕێوە دەبات لەژێر ناوی " دەیبەینەوە" دروشمی ناو کارنامەکە جەختکردنەوەیە لەسەروەرکردنی یاساو باشترکردنی رەوشی ئابووریی کوردستان.
خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە دروشمەکانی پ.د.ک و ی.ن.ک جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ بەشی زۆری دروشم و کارنامەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن
بزووتنەوەی گۆڕان بەکارنامەیەکی ٤١ خاڵەوە ھەڵمەتی بانگەشە بەڕێوە دەبا لەژێر ناوی"بەرەو دەسەڵاتێکی نوێ" گۆڕان بەرچاوترین ھێزی ئۆپۆزسیۆنە کە کێبەرکێی بەھێز دەکات لەگەڵ ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لەھەرێمی کوردستان (پ.د.ک، ی.ن.ک).
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، یەکێ لەحیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لەھەرێمی کوردستان ٨١ دروشمی ھەیە و بەشی زۆری دروشمەکانیان جەختکردنەوەیە لەسیستمی پەرلەمانی و دەسەڵاتێکی دادپەروەر، بۆ دۆزینەوەی جیاوازییەکی ئەوتۆ لەکارنامەو دروشمی حیزبەکان ماندوو بوونی ناوێ چونکە ھەموویان سەروەری یاسا، دەسەڵاتێکی دادپەروەر، ژیانێکی باشتر لەدروشمە سەرەکییەکانیانە.
لیستی گۆڕان دەڵێ ھەوڵی "کاراکردنی رۆڵی سیاسی، شارستانی، کارگێڕیی و کۆمەڵایەتی، نوێنەرایەتی ئافرەتان و گەنجان لە ھەموو ئاستە جیاوازەکان دەدەین".
دروشمێکی (پ. د.ک)یش ھەمان شتە ئەوانیش دەڵێن "پارتی ھەمیشە نوێنەری خەباتی کرێکاران و جوتیاران و ئافرەتان و لاوان و تێکڕای چین و توژێژەکانە".
لیستی کۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێ "دەبێ ژنانی کوردستان، بە ئارامی و ژیانی سەربەرزانەوە بژین، نەوەک بە خەمو ئازارەوە".
دیارە حزبی شیوعیش ئەوە بەدروشمی خۆی زانیوە، کاندیدێکی ئەو حزبە لە لیستی ئازادی گوتوویەتی "لەپێناوی عەلمانیەت کار بۆ لاوان و مافی ژنان و ئازادی تاک و پاراستنی ئاوو نەوتی وڵات و ھاووڵاتی کوردستان دەکەم".
شەوانی ھەولێر تادرنگانێ لایەنگرانی لیستەکان بەئۆتۆمبێلی گران بەھا ئاھەنگ و شایی دەگێرن، لە زۆربەی گەڕەکەکانیش بەشێک لە حزبەکان بنکەیان کردووەتەوە بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن.
بەدیع محەمەد پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵانەو دانیشتووی شاری ھەولێرە، بەدیع لەچایخانەیەکی ئەوشارە قسەی بۆ AA کردو گوتی "حیزبەکانی ئێمە ھەمووشتێ باس دەکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان خۆشگوزەرانییە چاوەڕوان دەکەین کێ دەنگی زۆر بەدەستبێنێ خزمەتکارێکی شایستەبێ"
پیاوێکی دیکە بەناوی فەتاح رەمەزان گوتی " خوێندەوار نیم بۆیە تەنیا گوێ لەکاندیدەکان دەگرم تا بزانم چی دەڵێن لەتەلەڤزیۆنەوە ئاگام لەکارنامەی حیزبەکانە، سەرم سوڕماوە خۆ ھەر ئەوەی ماوە حیزبەکان مژدەی بەھەشتمان بدەنێ، کەچی کەسیان باسی گەڕانەوەی کەرکوک ناکەن".
بۆ ھەندێک لەلیست و قەوارە بەشداربووەکان، بەدەستھێنانی کورسی کارێکە لەزەحمەتەوە نزیکە، بەڵام ئەوان بەھەر جۆر بووە دەیانەوێ سەرنجی خەڵکی کوردستان راکێشن.
حزبی شیوعی کوردستان، خانمێکی باڵا پۆشی کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی کوردستان، لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکا ئەگەر دەربچن "تەقواو ئیمان دەبەنە ناو پەرلەمان".
لیستی (پەرێشان و ھەژاران)یش سەرۆکەکەی خاوەنی تەلەڤزیۆنێکی وەرزشییەو پەخشەکەی تەنیا بۆ ناو شاری ھەولێرە، بەتەمایە بە دەنگی خەڵکانی ھەژارو وەرزشکاران بچێتە پەرلەمانەوە.
کاندیدێکی لیستی (ئایندە) گەنجێکە بەناوی "سەرۆک زانا" لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، ڤیدیۆ و وێنەی خۆی بڵاوکردووتەوە و دەڵێ "قەیرە کچان قەیرە کوڕان ئەگەر دەنگم پێبدەن بە رەبەنی ناتان ھێڵمەوە، کچەکان بە مێرد دەدەم و ژنیش بۆ کوڕەکان دەھێنم" بانگەشەیەکە جیاوازی زۆرە لەگەڵ بانگەشەی کاندیدەکانی دیکە.
ھۆگر چەتۆ چاودێری ھەلبژاردنی ھەرێمی لەشاری ھەولێرو بۆ AA گوتی "بانگەشەی حیزبەکان کورتکراوەتەوە لەچەند خاڵێکدا، بەڵام بەڵێنی لیستەکان زۆری ماوە تا قەناعەت بە دەنگدەر بێنن، لەکوردستان سێ جۆر دەنگدەر ھەیە، ھاووڵاتی ھەیە خۆی یەکلای کردۆتەوە دەنگ بەحیزب و عەشایەر و لایەنی دینی دەدا. دەنگدەریش ھەیە بڕوای بەدروشم و بەڵێن نییە، خەڵکیش ھەیە قەناعەتی کردووە بچێتە دەنگدان، بەڵام خۆی یەکلایی نەکردووەتەوەو رەنگە بکەوێتە ژێر کاریگەریی دروشم و شەخسیەتی کاندیدەکانەوە".
مێژووی ھەڵبژاردنەکان لەکوردستان:
١٩/٥/١٩٩٢
٢٥/٧/٢٠٠٩
پەرلەمانی کوردستان ١١١ کورسییە، ھەزارو ١٣٨ کاندید کێبەرکێ دەکەن بۆ بوونە ئەندام.
دوایین ھەڵبژاردن لە٢١/٩/٢٠١٣ ئەیلولی ئەمساڵ، ئەنجام دەدرێت، ئەو پێشبینی و چاوڕەوانی و بانگەشانەی لیستەکان دەیکەن، دەنگەکان سەنگی مەحەک دەبێ بۆ لیستەکان.