ھەولێر
پەیامنێری AA لە ھەولێر لەڕێی چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەی زانیوە، دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بەھۆی ناکۆکی نێوان حیزبەکانی کۆمیتەی ئامادەکارییەوە بووە نەک ئەوەی کە دەگوترێ بەھۆی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بە گوێرەی زانیاریی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەندامەکان رێکنەکەوتوون لەسەر بەشداریی پێکردنی ئەندام لەکۆمیتەی ئامادەکاریی، بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان.
پەکەکە بێجگە لەتورکیا، لەوڵاتانی ئێران و سوریایش چەند حیزبێکی کوردی لایەنگری ئەون، داوایکردووە نوێنەری زۆرتریان ھەبێ، بەڵام ئەو داوایەی پەکەکە نەیاری ھەبووە بۆیە (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتوویەتی ئەگەر ئەو داوایەی پەکەکە جێبەجێ بکرێت ئەوا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ھەرێمی کوردستان رەنگە دوچاری کێشەو ئاستەنگبێ، بۆیە داوای دواخستنی کردووە.
لەدوای گەڕانەوەی لیژنەی راسپێردراوی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ناوچە کوردییەکانی سوریا، ناکۆکییەکان چوونە قۆناغێکی دیکەوە، لیژنەکە بەبارزانی یان گوتبوو بەڵگەی ئەوتۆیان دەستنەکەوتووە بۆ کوشتوبڕی کوردانی سوریا وەکو پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD بانگەشەی بۆ دەکرد، دوای بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوەیەک لەسەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە، پەکەکەو پەیەدە نیگەران بوون و ناڕەزاییان نیشاندا لەسەر ئەو راپۆرت و راگەیەنراوە.
بەڵام ھەر یەکە لە (سەڵاحەدین دەمیرتاش) ھاوسەرۆکی BDP و (کەمال کەرکوکی) ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد رایانگەیاند: کۆنگرەکە بە ھۆی ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان دواخراوەو ھیچ ھۆکاری دیکەی لەپشتەوە نییە.
کەرکوکی بۆ AA گوتی " نەمانویست لەکاتی کۆنگرەدا ئەندامەکانی کۆنگرە لەھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن بەشداریی بکەن".
لەلایەکی دیکە (ئادەم ئۆزجانەر) رێکخەری دەستپێشخەری ئازادی و ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە لەوبارەیەوە گوتی " گفتوگۆی زۆرمانکرد لەبارەی ھەڵبژاردن بەزۆرینەی دەنگ کۆنگرە بۆ دوو مانگ دواخرا. لەبواری دابەشکردنی نوێنەرەکان بەسەر لایەنەکاندا یەکلایی نەبووینەوە، بۆیە پێرا نەگەیشتین بۆ داوەتکردن".
ئۆزجانەر جەختیکردەوە بەستنی کۆنگرە بەدڵی وڵاتانی ئێران، تورکیاو عێراق نییە بەڵام گوتی " ھیچ ھەڕەشەو فشارێک لەسەر کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە نەبووەو ئەوەی کە دەگوترێ لەترسی ئەو وڵاتانە دواخراوە درۆیە"