بەرلین
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین (مەحموود عەباس) وێڕای سەرکۆنەکردنی دروستکردنی خانوو لە سەر زەویی فەلەستینییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە، ھاوکات داوا دەکات سنووری نێوان فەلەستین و ئیسرائیل دەستنیشان بکرێ.
عەباس لە میانی سەردانی بۆ ئەڵمانیا لەگەڵ ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە.
مەحموود عەباس بە ھۆی سەرکەوتنی لەدوایین ھەڵبژاردنی لەوڵاتەکەی پیرۆزبایی لە مێرکڵ کرد، بە ھۆی ھاوکاریی ئەڵمانیا بۆ خەڵکی فەلەستین عەباس دەستخۆشی لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد و داوای لە کارساز و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کرد لە فەلەستین سەرمایەگوزاریی و وەبەرھێنان بکەن.
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین گوتی" ئێمە ھەرچەندە لە بواری دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیلدا کێشەی زۆرمان ھەبێ بەڵام بە جدییەتەوە درێژە بەو دانوستاندنانە دەدەین. بۆ ئەوەی ھەر دوو دەوڵەت لە نێو ئاسوودەیی و ئارامیدا بن چی لە دەستمان بێ ئەنجامی دەدەین، ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل تەنیا بۆ ئەو دوو وڵاتە سوودی نییە بەڵکو بۆ وڵاتانی عەرەبی و جیھانی ئیسلامیش سوودی ھەیە".
مەحموود عەباس لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند: ئەوان ئیدانەی دروستکردنی خانوو بۆ جوولەکەکان لە سەر خاکی فەلەستینییەکان دەکەن.
ھەروەھا ئەنجێلا مێرکڵ رایگەیاند: بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە دانوستاندنی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بوو، باسی ھەبوونی دەرفەتی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ھەر دوولا کراوە.
"مێرکڵ گوتی"دەزانین ھەنگاوی یەکلایەنە ناتوانێ پرۆسەکە بەرەو پێشەوە ببات و ببێتە ھۆی سەرخستنی ئاشتی.
جارێ ناتوانم لە بارەی ئەنجامی دانوستاندنەکانەوە ھیچ شتێک بڵێم، مەحموود عەباس پێی راگەیاندم دەبێ ھەر دوولا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە سازش بکەن. ئێمە وەکو ئەڵمانیا ئامادەین ھاوکاری و پشتگیریی دانوستانەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بکەین، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیارێکم ئاراستەی مەحموود عەباس کردووە".
مێرکڵ رایگەیاند: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندیی نێوان لایەنە فەلەستینییەکان کردووە. عەباس جەختی لە گرنگی پێکھاتنی نێوان خۆی و حەماس کرد، ئەوانیش وەکو ئەڵمانیا ئامادەن پشتگیریی و ھاوکارییان بکەن.