نیویۆرک
نوێنەری ھەمیشەیی عەرەبستانی سعودیە لە نەتەوەیەکگرتووەکان (عەبدوڵلا بن یەحیا موعەلیمی) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ھیوامان بە دووەمین کۆنفرانسی جنێڤ ھەیە کە بڕیارە مانگی داھاتوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانی سوریا ببەسترێ، ئەگەر لەپرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا پێشکەوتن بەدێ نەیەت ئەوا ئامانجەکانی کۆنفرانسی جنێڤیش سەرکەوتوو نابن".
عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا ئەگەر کۆنفرانسی دووەمی جنێڤ لە چوارچێوەیەکی رێکوپێکدا بەرێوە بچێ، ئەوا دەتوانێ خزمەتێکی باش بە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە سوریا بکات و ببێ بەپێشەنگی دەسەڵاتێک کە وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی خەڵکی سوریا بێ.
نوێنەری ھەمیشەیی عەرەبستانی سعودی لە نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی کرد رژیمی ھەنوکەیی سوریا شەرعیەتی لەدەستداوە و بووەتە ھۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەخەڵکی وڵاتەکەی و ئاوارە بوونی ملیۆنان خەڵکی دیکە، بۆیە سەرۆک دەوڵەتێکی بەو جۆرە ناتوانێ ببێتە سەرۆکێکی جێ متمانە.