قاهیرە
لە ئەنجامی زنجیرەیەك هەڵمەتی هێزەكانی ئەمنی میسر لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە ٤٤ ئەندامی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین دەستگیر كران.
لە روونكردنەوەیەكدا كە وەزارەتی نێوخۆی میسر بڵاوی كردۆتەوە ئاماژە بەوە كراوە كە لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا لەئەنجامی زنجیرەیەك هەڵمەتی هێزەكانی ئەمنی ٤٤ ئەندامی ئیخوان لە ناوچە جیاجیاكانی میسر بەتۆمەتی بەشداری كردن لە رووداوی توندوتیژی و هێرش كردنە سەر دامودەزگای میری، دەستگیر كراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەكانی ئەمنییەوە دەستكەوتوون لە هەردوو شاری غەربییە و مینیە چەندین ئەندامی ئیخوان بەتۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت و تێكدانی باری ئاسایش دەستگیر كراون.
لە دوای كودەتای سێی تەمموزی ٢٠١٣، بەردەوام ئەندامان و لایەنگرانی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین لە میسر بەتۆمەتی هاندانی توندوتیژی و ئەنجام دانی كردەی تیرۆریستی دەستگیر دەكرێن و لە ٢٥ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٣دا كۆمەڵەكە وەك گرووپێكی تیرۆریستی لە قەڵەمدرا.