پەکین
پەرلەمانی روسیا و چین لە بڵاوکراوەیەکی ھاوبەش لەبارەی چارەسەریی قەیرانی سوریا رایانگەیاند"تاکە چارەسەر بۆ قەیرانی سوریا دیالۆگە".
ئاژانسی (شین ھوای) چینی بڵاویکردەوە ئەو راگەیەنراوە ھاوبەشە لە لایەن کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەر یەک لە پەرلەمانی چین و روسیاوە ئیمزا کراوە.
پەرلەمانی چین و روسیا لەو راگەیەنراوەدا بەمجۆرە نیگەرانیی خۆیان لە بەرامبەر قەیرانی سوریا دەربڕیوە" بەردەوامبوونی شەڕ لە سوریا دەبێتە ھۆی کوژران و ئاوارەبوونی خەڵک و لەناوچوونی کەلتوور.
جگە لەوە قەیرانە تراژیدیائامێزەکەی سوریا فۆبیایەکی تۆقێنەری لەسەر جیھان دروستکردووە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوە ھاوبەشەکەدا ھاتووە" گەلی چین و روسیا داوا دەکەن بەپەلە کۆتایی بە شەڕ و خوێنڕشتن لە سوریا بھێنرێ. لەبەرئەوە بە ھیچ شێوەیەک نابێ دەست تێوەردانی سەربازی لە سوریا بکرێت".
پەرلەمانی چین و روسیا قەبووڵ کردنی پێشنیارەکانی لە ناوبردنی چەکی کیمیایی لە سوریا لەلایەن (بەشار ئەسەد)ەوە بە ھەنگاوێکی گرنگ دادەنێن. لەبەر ئەوە داوای سازدانی دووەمین کۆبوونەوەی بەپەلەی (جنێف) دەکەن.