سلێمانی
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی (عوسمان مستەفا) ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ AA گوتی"بەھۆی خراپی ھەلومەرجی ناوچە کوردییەکانی سوریا و بەردەوامی شەڕو نائارامی، ھاتنی ئاوارەکان بۆ شاری سلێمانی بەردەوامە"
عوسمان مستەفا ھەروەھا رایگەیاند: لەدوو حەفتەی رابردوودا، نزیکەی پێنج ھەزار ئاوارە لەسوریاوە گەیەنراونەتە سنووری شاری سلێمانی و لەکەمپی (عەربەت) لەباشووری رۆژھەڵاتی سلێمانی نیشتەجێکراون.
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرمانگەکانی دیکەی حکومەتی ھەرێم، کۆمەک و ھاریکارییەکان دابەش دەکەن بەسەر ئەو ئاوارانەی لەو کەمپەدا نیشتەجێن.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێستا زیاتر لە٢٠٠ ھەزار ئاوارەی سوریا لەھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لەچوار کەمپدا لەپارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک، سلێمانی نیشتەجێکراون.