ھەولێر
بەبۆنەی رۆژی جیھانی كرێكاران و بە ئامادەبوونی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ھۆلی وەزارەتی كار كۆنفرانسێك بۆ پاراستنی مافی كرێكاران بەرێوە چوو.
لەو كۆنفرانسەدا باس لە چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە ساڵی ٢٠١٤ كرا كە لەو ساڵەدا 20 هەزار و371 پرۆژەی دەستەبەركراو ھەبووە و ھەروەھا ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو 78 هەزار و 525 كرێكار بووەكە لەو ژمارەیە 70 هەزار و 844 كرێكاری نێوخۆیی بووە و حەوت هەزار و 681 كرێكاری بیانی بووە، سەرجەمی كرێكارە خانەنشین كراوەكانی ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم ٦٥٢ كرێكار بووە كە 410 كرێكاریان نێوخۆیی و 242 كرێكاریان لە دەرەوەی هەرێم هاتوون و كۆی گشتی ئەو كرێكارانەی كە گیانیان لە دەستداوە بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ٦٩ كرێكار بووە.
ھەروەھا لەو كۆنفرانسەدا باس لە ژمارەی ئەو بێكارانە كرا كە خۆیان لە بنكەكانی بەكارخستن تۆماركردووە كە گەیشتبووە شەش هەزار و 859 كرێكار. لە ساڵی ٢٠١٤دا ھەلی كار بۆ پێنج هەزار و 558 بێكار دوزراوەتەوە. ژمارەی كۆمپانیاكانی بەكارخستن ١٢٩ كۆمپانیا بووە كە ١٢٤ بۆ كرێكاری بیانی و پێنجیان بۆ كرێكاری نێوخۆیی كاریان كردووە. ژمارەی كرێكارانی بیانی كە بە رێگەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ھەرێمی كوردستان ھاتوونەتە نێو وڵات گەیشتووەتە 30 هەزار 144 كرێكار و ھەروەھا راھێنانی پیشەیی بۆ ٨٧٩ كەس كراوە.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەلایەتی محەممەد ھاودیانی لە كۆنفرانسەكەدا پیرۆزبایی رۆژی جیهانی كرێكارانی لە كرێكارانی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "ئەم رۆژە بۆ وەزارەتی ئێمە زۆر گرنگە و ئێمە ھەنگای نوێ دەگرێنەوە بەر بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان و پاراستنی مافی كرێكاران، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كرێكار ھۆكاری سەرەكییە بۆ بۆژاندنەوەی كۆمەڵگەیە".
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گوتیشی: "لە وەزارەتەكەماندا بەشێكی گرنگی پێك ھاتووە لە كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە ئامانجی دۆزینەوەی كار و ھێنانی پیشەی نوێیە بۆ كوردستان و بۆ ئەم بوارەش چەندین پرۆژەمان ھەیە و ئێمە بەردەوامین لە هەوڵدان و لە داھاتوودا سیاسەتمان بە ستاندەرێكی نێودەوڵەتی و ستراتیجیەتێكی نوێ دەبێت، ھەروەھا داوامان لە چەندین كۆمپانیای بیانی كردووە كە بێنە ھەرێم بۆ ئەوەی ھەڵی كار زیاتر برخسێت".
ئاماژەی بەوەشدا كە سندوقی بیمەی كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كار بۆ پاراستنی مافی كرێكاران دامەزراوە كە ئێستا ٧٨ ھەزار كرێكار لە ھەرێم لەو سندوقە سوودمەندن".