ھەولێر
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق دەڵێ، دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردن بە مەرسومی کۆماریی دەبێ کە تا ئێستا سەرۆکایەتی کۆمار ھیچ کارێکیان نەکردووە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق سەربەست مستەفا، لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "تاوەکو ئێستا ھیچ نووسراوێکی رەسمییان پێنەگەیشتووە کە ئاماژەی بەوە دابێ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٤ ئەنجام دەدرێ."
راگەیەنراوە رۆژی ٢٧ی نیسانی ٢٠١٤ ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێ، بەڵام ھێشتا حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە ھیچی رانەگەیاندووە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق گوتی: "ئێمە نازانین ٢٧ی نیسان چۆن و کێ دایناوە، بەپێی یاسا دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردن لەدەسەڵاتی سەرکۆمارە کە ئێستا ئەو لێرە نییەو دەبێ جێگری سەرۆک کۆمار بە مەرسومی کۆماریی رۆژەکەمان بۆ دیاری بکات، بەڵام تا ئێستا ئەوە بە کۆمیسیۆن نەگەیشتووە. باسکردن لە ٢٧ی نیسان تەنیا خەمڵاندنە."
لەبارەی ئامادەکاریی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، سەربەست مستەفا گوتی: "ئەگەر مشتومڕ و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان درێژە بکێشێ، ئێمە ناتوانین لە مانگی نیساندا رێوشوێنی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن بگرینە بەر بەڵکو ئەو کاتە دوادەخرێ."