Mazın Asad
09 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2017
لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور، پاڵێوراوی پارتی دیموکرات مون جای ئین سەرکەوتنی بەدەستھێنا.
ئاژانسی Yonhapی کۆریای باشوور بڵاوی کردەوە کە لە دوای دوورخستنەوەی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە پارک گیون ھی لەسەر ئەرکەکەی، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام درا و تێدا پاڵێوراوی پارتی دیموکرات مون جای ئین بە سەرۆکی نوێی کۆریای باشوور ھەڵبژێدرا.
مون جای ئین لە گوتارێکی بۆ ھەوادارانی لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور رایگەیاند: "گەلێکی نوێی دروست دەکەم و کۆریاییەکی گەورە پێک دەھێنم. شانازی بە بوونمان بە سەرۆکی ئەم گەلە و کۆریا دەکەم".
لە ھەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا لە کۆی ٤٢.٤ ملیۆن دەنگدەر ٣٢.٨ ملیۆن دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد کە رێژەکە بە سەدا ٧٧.٢ تۆمار کراوە. ئاماژە بەوە دەکرێت کە تەنھا ١٢.٧ ملیۆن دەنگ جیاکراوەتەوە و تێدا مون سەدا ٣٩.٥ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی راپرسییەکانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە کۆریای باشوور، پاڵێوراوی پارتی دیموکرات مون جای ئین سەدا ٤١ی دەنگەکان و پاڵێوراوی پارتی کۆریای ئازاد ھۆمگ جۆن پیۆ سەدا ٢٣.٣ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
سەرەڕای ئەوەی ھێشتا ئەنجامە فەرمییەکانی رانەگەیەندراوە، بەڵام مون جای ئین لە روونکردنەوەیەکیدا شکستھێنانی رکابەرەکانی راگەیاند.
ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کۆریای باشوور ھەر پێنج ساڵێک ئەنجام دەدرێت و ئاماژە بەوە دەکرێت بێ ئەوەی چاوەڕوانی قۆناغی کاتی بکرێت، براوەی ھەڵبژاردنەکە یەکسەر دەستبەکار دەبێت.