Hakan Ceyhan Aydoğan,Muhammet Ali Kemal
16 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2017
مۆسکۆ- AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئاشکرایکرد ئەگەری هەیە سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبوبەکر بەغدادیی، لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانییدا کە رۆژی ٢٨ی ئایار کرایە سەر رەققە، کوژرابێت.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا رۆژی ٢٨ی ئایار بینایەکیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرسە باڵاکانی داعش کۆبوونەوەیان تیایدا ئەنجامداوە و لەئەنجامی هێرشەکەشدا ٣٣٠ چەکداری رێکخراوەکە کە ٣٠یان فەرماندەی مەیدانیین، کوژراون.
لە راگەیەنراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە لە چەند سەرچاوەیەکی جۆراوجۆرەوە، سەرگەرمی پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەن کە بەغدادیی لە کاتی هێرشەکەدا لەو بینایەدا بووە و کوژراوە.
باس لەوەشکراوە لەنێو ئەو چەکدارانەی داعشدا کە کوژراون، ئەمیری رەققە، ئەبو حاجی میسری، بەرپرسی هەواڵگری رێکخراوەکە، سولەیمان شەواخ و فەرماندەی مەیدانیی رێکخراوەکە، ئیبراهیم نایف حاج کە ناوچەی نێوان رەققە و سوحنەی لەژێردەستدایە، کوژراون.