برۆکسل
دوای ئەوەی بەشداریی لە کۆنفرانسی "داھاتووی ناوچە کوردییەکانی سوریا" کرد لە وڵاتی بەلجیکا، ھاوسەرۆکی PYD ساڵح موسلیم بەمجۆرە بۆAA دووا و گوتی: "دەمانەوێ کاری باش ئەنجامدەین و گەشبینین پێی. ھیوادارین لە دەرگا داخراو و پەنھانەکانەوە شتی خراپ دەرنەکەوێ و کەس تەگەرەمان بۆ دروست نەکا. بۆ نموونە ھەندێ گوتەی وەکو ئێمە لەدژی رۆژئاوا یەکدەگرین و حوکمی زاتی رۆژئاوامان قەبووڵ نییە، بەڕاستی ئەوانە قسەی باش نین. پێشتر ئەو مەسەلەیەمان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا گەیاندووە و بەڕێز مەسعود بارزانیش باش دەزانێ کە ئێمە دژایەتی کەس ناکەین. ئەگەر ئێمە لەپێناو رزگارکردنی خەڵکەکەمان لە برسیێتی و بێ سووتەمەنی، بگەینە رێکەوتنێک و لەبارەی داھاتووی خۆمان رێگەیەک بگرینەبەر، ئەوە مانای دژایەتیکردنی ھیچ لایەنێک نییە و کەسیش مافی ئەوەی نییە دەست بخاتە ناو کارەکانمان. بەداخەوە دەبینین ئێمە وەک دوژمنی کورد و تورک پیشاندەدەرێین."
موسلیم لەبارەی قۆناغەکانی حوکمی زاتی کاتییەوە گوتی: "بڕیادرا لەسەر حوکمی زاتییەکە دراوە، بەڵام ھێشتا نەخراوەتە واری جێبەجێکردنەوە. ھەرکاتێک خرایە جێبەجێکردنەوە ھیچ کێشەیەکمان نییە و بارەکە لەژێر کۆنترۆڵی خەڵکەکەماندایە. پێویستمان بە کەس نییە مۆڵەتمان پێبدات یان نەیدات. بە رژێمی سوریایشەوە ھەر لایەن و ھێزێک دەیەوێ با ھێرشمان بۆ بکات، ئێمە پارێزگاری لە خۆمان دەکەین. ئەگەر ئێمە لەگەڵ خەڵک بگەینە رێکەوتنێک و لەبارەی داھاتووی خۆمان رێگەیەک بگرینەبەر، ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەست لە کارەکانمان وەربدات."
ھەروەھا موسلیم گوتی: "ئەگەر لە کوردانی سوریا بەولاوە ھیچ کەسێکی دیکە لەمیانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ رژێمی ئەسەد لووتی برینداربووە، با دەنگ ھەڵبڕێ. ئێمە شەھیدمان داوە بەرامبەر ئەو رژێمە. قەبووڵناکەین لەگەڵ ئەو رژێمە بخرێینە ھەمان تای تەرازوو، شوورەییە و سووکایەتیکردنە بە شەھیدانمان. پێویست ناکات کەس رێگەی چۆنیەتی بەشداربوونمان پیشان بدات. ئێمە کاری خۆمان باش دەزانین. خەڵکەکەشمان دەزانن کامە رێگە ھەڵدەبژێرن."
موسلیم بەمشێوەیە رەخنەی لە ھەڵسوکەوتەکانی مەسعود بارزانی گرت و گوتی: " ئەو با ئاگای لە گەلەکەی خۆی بێ، پێویست ناکات پلان بۆ کوردانی سوریا داڕێژێ. کوردانی رۆژئاوایش ھەر کوردن، پێویست ناکات بەچاوێکی دیکە سەیر بکرێیین. دەستەواژەی (شۆڕش نییە) لە ئەو ناوەشێتەوە."
ھاوسەرۆکی PYD گوتی: "پارێزگاری لە ھەرێمەکەمان دەکەین. دەتوانین پۆلیس و ئاسایش بە شێوەیەکی رێکوپێک دابەشبکەینە سەر شارەکان. دادگامان ھەیە و کارەکان بەڕێوەدەبەین. زیاتر لە ١٥ مانگە وەک کارێکی ئەزموونی ناوچەکانمان بەڕێوەیدەبەین. حوکمی زاتیی ئێمە دژایەتیکردنی ھیچ لایەنێک نییە و لەپێناو پاراستن و بەدیھێنانی خواستی گەلەکەمانە."