وەزیری دەرەوەی سوید ئارڵ بیلدت دوای مردنی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ئەریێل شارۆن، لە پۆستێكی ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵاتی تویتەر شارۆنی بە پێشەوا گەورەكەی ئیسرائیل، ئەفسەرە سەركەوتووەكەی سوپا ناوبرد، ئەو قسانەی بیلدت لای پارتی چەپ و پارتی سەوز كە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەن رەخنەباران كرا.
وەزیری دەرەوەی سوید لە پۆستەكەیدا هەروەها نوسیویەتی كە شارۆن لە مانای ئاشتی تێگەیشتووە و كەسێكی زیرەك بووە. ئەو دەربڕینە پڕ لە مەدح و پێداھەڵگوتنەی بیلدت بە ماوەیەكی كەم لەلایەن پارتی چەپ و پارتی سەوز كە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەن و ھەروەھا خەڵكی مەدەنی ناڕەزایەتی لێكەوتەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی سەوز لە پەرلەمانی سوید محەمەد كاپڵان گوتی: "شارۆن بەرپرسیارە لە كۆكوژییەكەی ساڵی ١٩٨٢ی كەمپی فەلەستینییەكانی لوبنان، ئەو نووسینەی بیڵد لە تراژیدیایەكی گەورە بەولاوە شتێكی دیكە نییە."
ھانس لیند پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی لەوبارەیەوە گوتی: " ئەوەی دەیبینین وەزیری دەرەوەی سوید چۆن پیاھەڵدان بۆ كەسێك دەكا كە چەندین فەلەستینیی كوشتووە و دەستی لە كۆكوژییەكان ھەبووە. ئەو پۆستەی بیڵد زەرەرێكی گەورە بە سوید دەگەیەنێ."
ئەریێل شارۆن ساڵی ١٩٨٢ وەزیری بەرگری ئیسرائیل بوو كە ئەوكات حكومەتی ئیسرائیل ھەردوو كەمپی فەلەستینیی سابرا و شاتیللای لە لوبنان وێرانكرد و تەواوی فەلەستینییەكانی كە تێیدابوون بەكۆمەڵ كوشت.