Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2017
ئەم گوتانەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە کە ھاوکات ئەندامی شاندی گفتوگۆکانی حزبەکەیەتی لەمیانی پێشکەشکردنی سیمینارێکدا ھات کە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر دۆخی سیاسی ئێستای ھەرێمی کوردستان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە زانکۆی جیھان لە شاری سلێمانی پێشکەشی کرد.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "پەیامەکەی بارزانی کە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کرد وەک دەروازەیەک ئیستیفادەی لێکرا، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیازمان کرد کۆبوونەوەکان دووقۆڵی بن و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە باس لە راز و گلەییەکان بکرێت کە ئەوە خولی یەکەمی گفتوگۆ و دانوستانەکان بوو، ئێستا خولی دووەم دەستیپێکردووە و رۆژی ١٠ی ئەم مانگە پارتی و یەکێتی پێکەوە کۆبوونەوە و ھەردوولا گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەوەی عینوانی کێشەکان دەستنیشان بکەین و ٨ عینوانمان دیاری کرد ".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "عینوانی یەکەم نەبوونی ھاوسەنگییە، لایەنە سیاسییەکان رازی نین کە پارتی ٣٥ لەسەدی دەنگی ھەبێت بەڵام ٧٥ لەسەدی دەسەڵاتی ھەبێت لە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و راوێژکاری ئاژانس و ئاسایش و وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە و دارایی و نەوت، بۆیە دەبێت پارتی بەم دەسەڵاتانەدا بچێتەوە و بەپێی پشکی ھەڵبژاردن پێیاندا بچێتەوە".
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی گوت "کێشەی دووەم کێشەی پرسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، سەرۆکی ھەرێم کێشەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان نییە و کێشەی لەگەڵ یاسا ھەیە کە بەپێی یاسا خولەکەی تەواو بووە و نیو خولی تریشی بۆ درێژکراوەتەوە، ئێستا بەپێی یاسا ئەگەر رێککەوتننامەیەکی سیاسی و یاسایەکی تازە نەبێت مافی ئەوەی نییە کە بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە لە حاڵەتی شەڕداین و سەرۆکی ھەرێم لە ھەمان کاتدا فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەیە و ناتوانین ئێستا بڵێین بڕۆرەوە ماڵەوە و ناشبێت، دەبێت داوا بکەین بەردەوام بێت تا یەکێک دەدۆزرێتەوە و ئەم شەڕەش کۆتایی دێت".
لە بارەی کێشەی سێیەمەوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند "کێشەی سێیەم کێشەی سەرۆکی پەرلەمانە کە لەکاتی کێشەکاندا سەرنەکەوتن بەسەر چارەسەرکردنی کێشەکاندا، ئێستا سێ سیناریۆمان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەوەی ئەو دەستەیەی ئێستا ھەیە وەک خۆی بمێنێتەوە، یان ئەوەی گۆڕان کەسێکی تر دادەنێت لە جێگەی ئەوەی ئێستا، یان گۆڕان داوای پۆستێک دەکات و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ لایەنێکی تری سیاسی بەجێدەھێڵێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی کرد بەوەی کە ئەو سێ سیناریۆیە تائێستا ھیچیان ساغ نەکراونەتەوە و بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە دەنگۆی پەراوێزخستنی لایەنە سیاسییەکانی لە پڕۆسەی سیاسی ھەرێم لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە رەتکردەوە و گوتی: "ھیچ ھێزێک پەراوێزناخرێت ئەگەر خۆی خۆی پەراوێز نەخات و یەکێتی قبووڵی ناکات و پارتیش لە کۆبوونەوەکان باسی نەکردووە، ھەموو ھێزەکان گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەوەی ئەم چارەسەرانە چۆن دەبێت لەنێویاندا بزووتنەوەی گۆڕان".
کێشەکانی تر وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بۆ کرد، کێشەی شەفافیەت لە فرۆشتن و داھاتی نەوت، کێشەی پەیوەندی حزبەکان و حکوومەت لەگەڵ دەرەوە، دروستکردنی دەستەیەک لە پێنج لایەنەکە و نوێنەری کلدان وئاشووریەکان و تورکمانەکان لەگەڵ عێراق بۆ پرسەکانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و ماددەی ١٤٠ە.
ئەو ئەندامەی شاندی گفتوگۆکانی یەکێتی ئەوەشی گوت "یەکێتی و پارتی مکوڕن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و قەناعەتپێکردنی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردنی حکوومەتی ئایندە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو ھەردوولا کۆبوونەوەیەکی ترمان دەبێت و لەسەر بنەمای خولی یەکەمی گفتوگۆ پڕۆژەیەکی کاری ھاوبەش دەنووسینەوە و دەیدەینە ھەموو لایەنەکان، ئەو پڕۆژەیەش لەسەر بنەمای ئەزموونی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی رابردوو ھەروەھا کۆبوونەوەکانی رابردوو لەگەڵ لایەنەکان، جگە لە دابەشکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ لایەنەکانیش قسە دەکەین".
سەعدی ئەحمەد پیرە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ بەرپرسی مەڵبەندی مووسڵی یەکێتی بووە لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا لە بارەی پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵەوە دوا و گوتی: "گەڕەکەکانی رۆژھەڵاتی شارەکە گەڕەکی نوێن و زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد و شەبەکن و شەقامەکانی بەرفراوانن، بەڵام دیوی رۆژئاوا گەڕەکە کۆنەکانی شارەکەن و کۆڵانەکانیان زۆر تەسکن و دانیشتوانەکەی چڕترن، بۆیە شەڕی داھاتوو زۆر زۆر قورس دەبێت. ھەروەھا پڕۆسەی ژیان لە دوای داعش و لە مووسڵی نوێدا لەلایەن پێکھاتەکانی شارەکە زۆر زەحمەتە و پێشنیازمان کردووە شارەکە بکرێتە دوو بەشەوە، بەشێکی بۆ عەرەبی سوننە و بەشەکەی تری بۆ پێکھاتەکانی تری شارەکە".