هەولێر-AA
لە دیمانەیەکی لەگەل ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە و ئاشکرای دەکات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی وەكو دوژمن دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و هەر ئەوەش هۆکار بووە کە کورد بیر لە بەشداریی نەکردن بکاتەوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو ئەنجامبدرێت.
لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە "هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق".
پیرە لەم دیمانەیەدا هەروەها جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان کە لە 25/9ی ساڵی رابردوو ئەنجام دراو دەڵێت: "هەموو وڵاتان داوایان کرد کە ریفراندۆم نەکرێت، کورد ریفراندۆمی کرد و لەسەر ئەوە کاردانەوە دروستبوو، لەسەر هێرشی عێراق و هاوپەیمانانی بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان، وڵاتانی دونیا هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، پێشیان راگەیاندین کە ئەم بارودۆخە، خۆتان بۆخۆتان دروستتان کرد". دەشڵێت: "ئێمە هەڵەمان کردووە، بەڵام هەڵەی سیاسیی بووە نەک هەڵەی یاسایی".
ئەوەی خوارەوە دەقی دیمانەکەیە:
ئاژانسی ئانادۆڵو: هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: "ئێمە ویستمان هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بکەوێتە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، هۆکارەکەش ئەوەبوو کە بەرخوردی سەرۆکوەزیران عبادی و حکوومەتی فیدرال زۆر نەرێنی بوو، وەکو دەوڵەتێکی دوژمن و دۆڕاو لە شەڕدا سەیری ئێمەیان دەکرد، لەهەمانکاتدا وەڵامیشیان نەبوو بۆ داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە گوتمان بەشداری ناکەین و دەڵێین بەشداریکردنمان لە عەمەلییەی سیاسیی لە عێراق هەڵپەساردووە، بەڵام هەوڵی نێودەوڵەتی و گفتوگۆی جددی دەستیپێکرد، بۆیە ئێستا هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و تا مانگی یازدە کاتمان هەیە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، دیارە هاوپەیمانەکانتان کێن؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: "گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، بەلای ئێمەوە گرنگ نییە کە لە هەرێم هاوپەیمانییەتی هەبێت یان یەک لیستی، چونکە هیچ دەنگێک بە فیڕۆ ناڕوات و هەموو بۆ لایەنەکان دەچێتەوە، ئەوەی کە ئێمە پەرۆشی بووین بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان لیستی هاوبەشمان هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو دەنگانەی کە کافی نین بە فیڕۆ نەچێت. کاتی خۆی لە ناوچە جێناکۆکەکان ٢٢ هەزار دەنگی گۆڕان و یەکگرتوو بەفیڕۆ چوو، خۆ ئەگەر ئەوان بە لیستێک بەشداربوونایە ئەوا دەبوو بە کورسییەک".
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ناوچە جێناکۆکەکان بە چ شێوازێک بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: "ئێمە بە لیستێکی جیا بەشداری دەکەین. لە کۆبوونەوەکاندا بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی و ئەوانی دیکە، رازی نەبوون بە یەک لیست بەشداربین، پارتیش بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی لە کەرکووک کرد، پێمان وایە ئەو بایکۆتکردنە لە کەرکووک کارێکی خراپە، پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵی ئەوە بدەین کە لە کەرکووک نیوەی کورسییەکان بەدەستبهێنن، چونکە کەرکووک بەشەڕ داگیربکرێت، کێشەیەکی گەورە نییە، بەڵام کەرکووک بە دەنگ بدۆڕێت، ئەوا کێشەیەکی گەورەیە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: سەردانەکەی هەریەک لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، تا چەند کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەیە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: "دیارە لە مەسەلەی ریفراندۆم، کورد نەیتوانی سوود لە موبادەرەی دەرەوە وەربگرێت. هەموو وڵاتان داوایان کرد کە ریفراندۆم نەکرێت، کورد ریفراندۆمی کرد و لەسەر ئەوە کاردانەوە دروستبوو، لەسەر هێرشی عێراق و هاوپەیمانانی بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان، وڵاتانی دونیا هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، پێشیان راگەیاندین کە ئەم بارودۆخە، خۆتان بۆخۆتان دروستتان کرد".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هۆکار و دەرەنجامەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش لە هەندێک ناوچەدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: "ئەوانە داعشی راستەقینە نین، پێموایە لایەنە ناکۆکەکان، لەو شوێنانەی کە حەشدی شەعبی تەنگاو دەکەن، ئەو شتانە روودەدەن، بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی لەو شوێنانە بمێننەوە و پاساو بۆ مانەوەیان هەبێت، بە گشتی ئەم بارودۆخە لە قازانجی کورد نییە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: دوای رووداوەکانی کەرکووک و کاردانەوەکانی بەغدا لە ئێستادا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لە چ ئاستێکدایە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: "عێراق بە جۆرێک لە لووتبەرزیی مامەڵە دەکات، بەم جۆرە مامەڵە ناکات کە بەیەوکە لەبەرەیەک بووین و براوەی شەڕین، لەماوەی رابردووەوە، رۆژ نییە مەراسیمێک نەکرێت و گوایا سەرۆکوەزیران قارەمانی سەرکەوتنە، تا گەیشتە ئەوەی کە هاوپەیمانەکانی لێی جودابووەنەوە و مەرجەعیەتیش لێی هاتەدەنگ، چونکە ئەو سەرکەوتنە بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقە و من پێم وایە کارێکمان کردووە کە لە رۆژانی پێش و دوایی ریفراندۆم، فۆڕمولەکە گۆڕا، چونکە ئێمە پێشتریش گوتبوومان کە ئەمە جیابوونەوە نییە بەڵکو لەسەر ئەو بنەمایە عێراق و هەرێم بکەونە گفتوگۆ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان، بەڵام دواتر غرورێک ئێمەی گرت، ئێمە هەڵەمان کردووە، بەڵام هەڵەی سیاسیی بووە نەک هەڵەی یاسایی".
گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە تیشک دەخاتە سەر رووداوەکان و هۆکارەکانی بەردەم سازنەکردنی کۆنگرە و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەو حزبە. ئاشکرایشی دەکات کە بەر لە نەخۆشکەوتنی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مام جەلال رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادەکرابوو، هاوکات باس لە پێشنیازەکانیش دەکات کە بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەکێتیی دەخرێنەڕوو.
ماوەی هەشت ساڵە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی نەبەستووە، چەند جارێکیش هەوڵی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە دراوە، بەڵام تا ئێستا، بەربەستەکان لەبەردەم بەستنی کۆنگرە ماونەتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەش کۆمەڵێک هۆکار دەخاتەڕوو کە کۆسپن لە بەردەم بەستنی کۆنگرەی چوارەم، گرنگترینییان شەڕی داعش و نەخۆشکەوتن و دواتر کۆچی دوایی سکرتێری گشتیی.
سەبارەت بە تەوەری کۆنگرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد گوتی: "لە راستیدا کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەمێکە نەگیراوە، پێش هەشت ساڵ کۆنگرەی سێیەم گیرا، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک هۆکار هەبوون، وەکو دروستبوونی شەڕی داعش و نەخۆشکەوتن و دواتر کۆچی دواییکردنی جەنابی مام جەلال، و بارودۆخی عێراق و قەیرانی دارایی هەموو ئەوانە هۆکارن لەسەر دواخستنی کۆنگرە".
سەعدی پیرە گوتیشی: "دوای تەواوبوونی شەڕی داعش، کاتی ئەوە هاتووە کە کۆنگرە بگیرێت و دەنگی داواکاری بۆ کۆنگرە لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی بەرزدەبێتەوە. ئێمە لە کاتێکدا ئەو کۆنگرەیە دەگرین کە رووداوی زۆر گەورە روویانداوە، لەوانە کۆچی دوایی جەنابی مام جەلال، جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆران، هەبوونی لیستی دکتۆر بەرهەم، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و گۆڕانکارییەکان، بابەتی ریفراندۆم و کاردنەوەی هەرێمایەتی، ئەوانە کۆمەڵێک گۆڕانکارین، جگە لەوەش کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوومان هەیە لەناو یەكیتی، رەنگە بە کۆنگرەیەک و دوو کۆنگرە چارەسەر نەبێت، بەڵام کۆنگرە دەستپێکە بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە داهاتوودا".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێش سێ ساڵ ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە کرابوو، لیژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە پێکهاتبوو، بەڵام ئێستا مشتومڕ لەسەر رۆژی ئەنجامدانی کۆنگرەکە هەیە بە هۆی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەمباریەوە سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "لە کاتی نەخۆشکەوتنی جەنابی مام جەلال، ئامادەکارییەکامان تەواو کردبوو، لێژنەیەکمان هەیە بۆ ئامادەکاری و ئەدەبییاتی کۆنگرە لە هەموو بابەتەکانی وەکو، میدیا، ئابووری، فەرهەنگی و پەیوەندییەکان، جاریکی دیکە چاومان پیایدا خشاندووەتەوە، ئێستا لە رووی هونەرییەوە هەموو شتێک ئامادەیە، ئەوەی کە ماوەتەوە بابەتی دەستنیشانکردنی کۆنگرە، رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ و دەستنیشانکردنی رۆژی کۆنگرەیە کە ئایا ئەو کۆنگرەیە کاتەکەی گونجاوە یان نا، چونکە هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێت کۆنگرە بکرێتە کەرنەڤاڵێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و پێویستە یەکێتیی بەیەکڕیزی بچێتە ناو کۆنگرە و بەهێزێکی قوڕسەوە دەرچێت".
سەبارەت بە چۆنیەتی و شێوازی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە داهاتوودا، سەعدی پیرە گوتی: "هەندێک بابەت هەیە هەڵگیراوە و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەویش هەیکەلی یەکێتییە، بیرۆکەیەک هەیە دەڵیت 'کۆنگرەکە پێکبێت کە دەستەیەک کە سەرکردایەتی یەکێتی بکات، واتا کەسێک ببێتە سەرۆکی یەکێتیی، پاشان بابەتی پەیوەندییەکان، رێکخستن، کارگێری، دارایی، میدیا، راگەیاندن، پێگەیاندنی کادر و هەڵبژاردن سکرتێریان هەبێت'، بەڵام تا ئەنجامدانی کۆنگرە ئەوانە تەنها پێشنیازن و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".
رۆژی ١٥/٢/٢٠١٨ بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە کۆبووەوە و پێشنیازکرا کە رۆژی ٥/٣/٢٠١٨ چوارەمین کۆنگرەی ئەو حزبە ببەسرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریداوە لە میانی هەفتەیەکدا دوا بڕیار لەسەر رۆژی بەستنی کۆنگرە بدرێت.
یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دووەم هێزی دەسەڵات لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێ و خاوەن سێیەم گەورەترین فڕاکسیۆنە لە پەرلەمانی کوردستان بە ١٨ کورسیی دوای هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان.
news_share_descriptionsubscription_contact

