هەڵەبجە
سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە تیمی ئاژانسی ئەنادۆڵو تێیدا ئامادەبوو، رایگەیاند: "ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و ناوەند هەن كێشەی دژایەتی یەكتری نین، بەڵكو لێك تێنەگەیشتن هەیە و هیچ هەوڵێك بۆكەمكردنەوەی پشكی كورد لەبوودجەی عێراق لەئارادا نیە".
سەركۆماری عێراق گوتی: كێشەی دارایی لەنێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ چەند كۆبوونەوەیەكی لەسەر كراوە و چەندین كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت، وەفدی هەرێم بەمزوانە دێتە بەغدا و ئەو كێشانە بەگفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، ئەوە نیە كە دژایەتی یەكتری هەبێت، ئەوە نیە كە شتێك لەپشكی هەرێم كەمبكرێتەوە، بەڵام هەندێ بۆچوونی جیاواز هەیە لەنێوان لایەنەكاندا ئەكرێت لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن".
سەركۆماری عێراق لەمیانی سەردانێكی بۆ هەڵەبجە گوتی: "من سەرۆكی هەموو عێراقم و هەوڵ دەدەم چارەسەری هەموو كێشەكان بكرێت لەرێگای گفتوگۆوە، ئومێدەوارم لەداهاتوودا كە وەفدی هەرێم دێتە بەغدا هەموو ئەو كێشانەی پەیوەستن بەمووچە و بوودجەی هەرێمەوە چارەسەر بكرێن".
سەركۆماری عێراق هەروەها پیرۆزبایی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی كرد و لەوباریەوە گوتی: پیرۆزبایی لەخەڵكی هەڵەبجە دەكەم بەبۆنەی بەپارێزگابوونی شارەكەیان.
سەركۆماری عێراق دەربارەی داواكارییەكانی خەڵكی هەڵەبجە گوتی: "داواكاریەكانتان هەموویان قابیلی جێبەجێكردنن و هیچیان خەیاڵی نین، ئەوەندەی لەتوانای ئێمەدایە كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكەین، بەڵام بەشێك لەداواكاریەكانتان پەیوەستن بەكاتەوە، بەشێكیشیان پەیوەندیان بەو قەیرانە دارایی و سەربازیەوە هەیە كە ئێستا عێراقی تێكەوتووە".
گرنگترین داواكاریەكانی خەڵكی شارەكە كە قائیمقامی هەڵەبجە خستیەڕوو، "پەلەكردن لە رێككەوتنی حیزبەكان لەسەر پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەش بەهەوڵی شەخسی سەركۆمار، قەرەبووكردنەوەی زیان لێ كەوتووانی دەستی رژێمی بەعس كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە یاساكراوە، كردنەوەی مەرزێكی نێودەوڵەتی و بەستنەوەی هەڵەبجە بەناوچەكانی گەرمیانەوە، لەگەڵ بە ئەندامبوونی حكوومەتی عێراق لەدادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ كاركردن لەسەر بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بەگەلی كورد كراون".
لەكۆتایی دیدارەكەشدا قائیمقامی هەڵەبجە سەمبولی هەڵەبجەی وەك رێزلێنانێك بەخشییە سەركۆمار و دواتر سەركۆمار و شاندی یاوەری تاجە گوڵینەی رێزلێنانیان لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە دانا.