پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو AA لە ھۆڵی رێوڕەسمەکان لە بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا نووری مالیکی وەک نوێنەری حکومەت، خزەیر خوزاعی وەک نوێنەری سەرۆکایەتیی کۆمار و ئوسامە نوجێفی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵگەنامەی ئاشتیی کۆمەڵایەتییان ئیمزا کرد.
نوێنەرانی ھەریەک لە ئیئتیلافی نیششتمانیی دەسەڵاتدار (شیعە) و ھاوپەیمانیی کوردستان (کورد) و حزبی ئیسلامیی عێراقی (سوننە) ئامادەی ئیمزاکردنی بەڵگەنامەکە بوون، بەڵام موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و ئەیاد عەلاوی سەرۆکی لیستی عێراقیە و ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆک وەزیران بەشداریی کۆبوونەوەکە نەبوون.
سێشەممەی رابردوو خزەیر خوزاعی جێگری سەرکۆمار لێبوونەوە لە ئامادەکردنی ئەو بەڵگەنامەیەی راگەیاند و ئامتژەی بەوەدا ئامادەکردنی چەند مانگێک وتوێژی خایاندووە.
خوزاعی داوای لە بەشداران کرد رێزی "ئیمزاکانیان" بگرن، بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێ.
لای خۆیەوە مالیکیی سەرۆک وەزیران لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا ئەو ھەلومەرجەی عێراق و ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێ ناچاریان کردووە ئامادەی ئیمزاکردنی ئەو پەیماننامەیە ببن.
ھاوکات جەختی لەوە کرد "بەڵگەنامەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی جێگرەوەی دەستوور و سێ دەسەڵاتەکە نیە".
ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پەرلەمانیش لە وتەیەکدا لە رێوڕەسمی ئیمزاکردنەکەدا ئاماژەی بەوەدا ئەو بەڵگەنامەیە پاش مردنی چەندین دەستپێشخەریتر دێ و ھۆشداری دا لەوەی، ئەگەر ئەم دەستپێشخەریەیش بە دەردی ئەوانەی رابردوو ببرێ، ئەوە دەبێتە دواین بزمار لە دارمەیتی لێکگەیشتنە سیاسیەکان.
لە رێورەسمەکەدا رۆژ نوری شاوێس جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بەنوێنەرایەتیی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا داوای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق پەنا بۆ دەستووری وڵات ببرێ.
شاوێس گوتی "پێویستمان بەھاوسەنگیی رۆڵ و لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی ھەموو لایەکە بۆ فەراھەمکردنی ئابوری و خۆشگوزرانیەکی باش بۆ ھاوڵاتیان".
لە کۆتای وتارەکەیدا ئەوەشی گوت "با ھەموو لایەک رێ لە پەکخستنی سیاسی بگرین، ئێمە لە ھاوپەیمانیی کوردستان پێداگیریمان لەسەر ئەوە کردوە، سەبارەت بە کێشەکانی بەغدا و ھەرێمیش بەگرنگی دەزانین گفتوگۆکان بەردەوامبن".
بەڵگەنامەکە لە یازدە خاڵ پێکدێ، لەوانە پاراستنی یەکێتیی گەلی عێراق، رێگەنەدان بە ئاشوب و ناکۆکیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزەبی، بەکارنەھینانی ھۆکانی راگەیاندن بۆ خستنەڕووی ناکۆکیەکان، ھەوڵدان بۆ پتەوکردنی متمانەی نێوان لایەنەکان و چارەسەرکردنی جیاوازیەکان بە گفتوگۆ، بەگژاچوونەوەی ھەر مەترسی یان رەفتارێک ھانی توندوتیژی و تایفی بدا، تواناکانی دەوڵەت بۆ بەئامانجگرتنی رکابەران و گۆڕینی ھاوکێِشەی سیاسی بەکار نەھێنرێن، ھەمووان بەگیانی تیم کار بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن.