ھەولێر
لە پەیامێکیدا بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق مەسعود بارزانی دەڵێ: "جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەموو لایەنە سیاسیەکان و سەرجەم موسڵمانانی عێراق و جیھان دەکەم."
بارزانی لە پەیامەکەی دا پیرۆزباییش لە جاجیانی ھەرێمی کوردستانی عێراق کرد کە ئێستا لە لەماڵی خوا و مەزاری پیرۆزی پێغەمبەری مەزن حەزرەتی موحەمەد (د.خ)ن و رێورەسمی حەج بەجێ دەگەیەنن.
بارزانی ھیواشی خواست جەژنی قوربان ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ ھەموو لایەک و ئاشتی و بەختەوەریش باڵ بەسەر عێراقی فیدراڵدا بکێشێت و ھەرێمی کوردستانیش لە پێشکەوتن و ئارامی بەردەوام بێت.
سەرۆکی ھەرێم داواشی لە لایەنە سیاسیەکان کرد بە گیانی برایەتی و یەکرێزی و پێکەوەژیان خزمەتی گەل و وڵات بکەن.