Zana Natık Kerem
22 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبووری تەقاندنەوەی مزگەوتی نوریی و منارەی حەدبا لە ناوچەی مووسڵی كۆن لە لایەن داعشەوە ئیدانە كرد و داوای لە هێزە عێراقییەكان كرد كە ئەو ناوچانەی لە شاری مووسڵ هێشتا لەژێر كۆنتڕۆڵی داعش دایە بە خێرایی كۆنتڕۆڵیان بكەنەوە.
لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئاماژە بەوەکراوە كە رێكخراوی داعش دوای بە كارهێنانی هەموو شێوازێکی توقێنەر و كوشتن دەرهەق بە دانیشتوانی مووسڵ، تاوانێكی دیكەی ئەنجامدا كە ئەویش تەقاندنەوەی مزگەوتی نوری و منارەی حەدبایە لە ناوچەی مووسڵی كۆن كە شوێنێكی مێژوویی بوو نەك هەر بۆ مووسڵ بەڵكو بۆ هەموو عێراقییەكان.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری گوتوویەتی: "ستایشی سەركەوتنی هێزە عێراقییەكان دەكەین بەڵام لەهەمان كاتدا، ئێمە داوایان لێ دەكەین كە بە خێرایی خەڵكی مەدەنی لە ناوچەی مووسڵی كۆن رزگار بكەن كە لە دۆخێكی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن".
دوێنێ چوارشەممە، سوپای عێراق راگەیاند كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش مزگەوتی نوری و منارەی حەدبای مێژوویی ناوچەی مووسڵی كۆنی تەقاندەوە كە ئەو هەواڵەش لە لایەن فەرماندە سەربازییەكانەوە پشتڕاستكرایەوە.
مزگەوتی نوری لە ناوچەی مووسڵی كۆن كە لە سەردەمی نورەددین زەنگی دروستكرا بوو بۆ رێكخراوی تیرۆریستی داعش گرنگییەكی زۆری هەبوو چونكە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا سەركردەی رێكخراوەكە، ئەبو بەكر بەغدادی بەناو خەلافەتەكەی لە عێراق و سووریا لە ناو مزگەوتی نوری راگەیاند و منارەی حەدبا هەر لە ناو مزگەوتەكە دا بوو.