Heman Hussein Yaseen
19 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2020
هەولێر - AA
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی رایگەیاند کە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق سەردانی بەغدای کردووە.
لەبارەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، فازڵ میرانی لە لێداونێکی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئێمە وەکو پارتی باسی وەرگرتنی وەزارەت ناکەین، بەڵکو وەکو کورد باسی دەکەین، هەوڵدەدەین درزێک نەکەوێتە نێوان کوردستانییەکان، هەر بۆیەش ئەمڕۆ شاندێک لە هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سوننە و شیعە دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بکەن".
فازڵ میرانی گوتیشی: "ئێمە ناتوانین رازی بین، وەکو کورد کە میللەتی دووەمین لە عێراق و فیدراڵییەتی خۆمان هەیە، ئەبو هادی (محەمەد تۆفیق عەللاوی) لە جیاتی خەباتگێڕەکانی ئێمە وەزیرێکمان بۆ دابنێت، ئێمە وەزیرمان دەوێت بۆ ئەوەی کارمان بۆ بکات، بە هەوڵی هەموو دڵسۆزانە کارەکان سەردەگرێت".
لەبارەی ناوی وەزیرەکانی کورد لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاندەکەی ئەمڕۆ، فازڵ میرانی گوتی: "تا ئێستا ناوی هیچ وەزیرێکمان نەداوە، لە شاندەکەی ئەمڕۆشدا، نوێنەری ئێمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، هۆشیار زێباری چووە بۆ بەغدا".
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و بابەتی یەکڕیزی نێوانیان، فازڵ میرانی گوتی: "ئەو کۆبوونەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجامی دەدات بەڵگەی ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان بەشدارن، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، موستەفای سەید قادر ئەو دۆسیەیەی بەدەست گرتووە کە هاوپەیمانی کوردستانی دروست بکەن و ئەمە بەڵگەی یەکڕیزییە".
بڕیاربوو سەرۆکوەزیرانی راسپێدراوی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەبارەی وادەی سەردانەکەیدا، فازڵ میرانی گوتی: "پێویستە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق بێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ نەهاتووە ئەوە دەبێت لە خۆیان پرسیار بکەن".