بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ پێشوازی لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە كرد كە دوێنێ لە شاری لۆزانی سویسڕا وڵاتانی گرووپی "5+1" و ئێران واژۆیان كرد و راشیگەیاند، رێككەوتنەكە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی ئاسایش لە ناوچەكە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو تێدا ئامادەبوو، وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری رایگەیاند، بەهۆی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، چارەسەری گرژییەكان لە ناوچەكە دێتەدی و دووبارەش ئاشتی و سەقامگیریی باڵی بەسەر ناوچەكەدا دەكێشێت.
جەعفەری ئاماژەی بەوەشدا، دۆسێی ئەتۆمی قورسییەكی گەورە بوو لەسەرشانی ناوچەكە كە ماوەیەكی زۆریشە هەڕەشە بوو بۆ سەری، بەڵام دوای ئەوەی وڵاتانی گرووپی "5 +1" و ئێران گەیشتنە رێككەوتن، ئێستا هەڕەشەكان و مەترسییەكان بۆ سەر ناوچەكە نامێنێت و ئاشتی تێدا بەرقەرار دەبێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش كردەوە، كە وڵاتەكەی بەهیچ شێوەیەك دەست لەناو كاروباری هیچ وڵاتێكدا وەرنادات و لە بەرامبەریشدا عێراق رازی نییە هیچ وڵاتێك دەست لەناو كاروبارەكەی وەربدات.
هەژی گوتنە، دوێنێ لە شاری لۆزان لە وڵاتی سویسڕا پاش ماراسۆنێكی دیپلۆماسی دوور و درێژ، ئێران و وڵاتانی پێنچ كۆ یەك لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی رێككەوتن.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكدا ئیبراهیم جەعفەری بەشێكی قسەكانی بۆ ئەوە تەرخان كرد كە سعوودیە، پێشوازی لە داوا عێراق كردووە كە بریتییە لە گواستنەوەی "جالییە"كانی عێراق لە یەمەن.
جەعفەری لە کۆتاییدا گوتی: "هەر لە كاتژمێرەكانی یەكەم و لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەب دژی چەكدارانی حوسی لە یەمەن، ئێمە دەستمان بە گرتنەبەری رێ و شوێن بۆ گواستنەوەی جالییەكانی عێراقی لە یەمەن كرد و بۆ ئەم مەبەستەش داوایەكمان ئاراستەی سعوودیە كرد و لە بەرامبەریشدا سعوودیە بە داواكە رازی بووە و پێشوازیشی لێ كردووە".
بەهۆی خراپی دۆخی ئێستای نێوخۆی یەمەن، زۆربەی وڵاتان هاووڵاتییانی خۆیان لەم وڵاتە گواستووەتەوە كە عێراقیش هەوڵەكانی لەم پێناوەدا خستووەتەگەڕ.