ھەولێر
فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی زێرەڤانی عەزیز وەیسی لە چاوپێكەوتێنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەرەكانی شەڕ لە شنگال پیرۆزبایی سەركەوتنی ھەڵبژاردنەكانی توركیای كرد و گوتی: "تێپەڕاندنی بەربەست و چوونی كورد بۆ پەرلەمانی توركیا گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە و نیشانەی ئەوەیە كە ئیتر گەلی توركیا توانای یەكگرتنیان ھەیە و لەو باوەڕەدام كە ئیتر كورد لە توركیا دەبێت بە دوای رێگەچارەی سیاسییەوە بێت و لە ھەر شوێنێك ئەگەر دەرفەتی سیاسەتكردن ھەبێت، دەبێت شەڕ و پێكدادان نەمێنێت و ئەوەش وەك پرسیارێك دەڵێم بە كورد لە توركیا ئەگەر دەرفەتی سیاسەتان ھەیە بۆ شەڕ دەكەن؟ لە ھەمان كاتدا ئێمە رێز لە بیروباوەڕی ھەموو لایەن و نەتەوەیەك دەگرین. ھەروەھا لێرە لە شنگالەوە داوا لە توركیا و خەڵكی كورد دەكەم كە یارمەتیدەری شنگال بن".
فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە درێژەدا سەبارەت بە گرنگی ئازادكردنی شنگال دەڵێت: "شنگال و ئازادكردنی شنگال گرنگە و تایبەتی خۆی ھەیە. یەكەم ئەو ناوچەیە پارچەیەكە لە خاكی كوردستان و ھەرچەندە لەڕووی دەستوورییەوە مادەی ١٤٠ تەواو نەبووە بەڵام لە ھەمان كاتدا شەڕی تیرۆریستانی داعش زۆر كارێكتەری ئەو ناوچەیەی گوڕیوە و ھیواخوازین لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵیش بگەینە رێككەوتن كە ئیتر زوڵم و داگیركردنی كوردستان نەمێنێت و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان. ھەروەھا خاڵێكی دیكەی گرنگی ئەم پرسە ئەوەیە كە زوڵمێكی زۆر لە خەڵكی ئەم ناوچەیە كراوە و برینێكی زۆر قووڵی دروست كردەوە لە نێو دڵی ھەموو كوردێك و جیھاندا. داعش تاوانەكانی زوڵم، رەشەكوژی و بەكەنیزەبردنی كچانی ئێزدییان ئەنجام دا و ھەروەھا باوەڕی خەڵكی ئێزدیان بریندار دەكرد، بێگومان ئەوانە ھەموویان ھاندەر بوون. خاڵێكی دیكە لە رووی ستراتیجییەوە گرتنەوەی رێگەی رەققە و مووسڵ بوو چونكە لە رووی ئابووری و پەیوەندییەكانەوە رێگەی داعشی بڕی".
عەزیز وەیسی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ئوپەراسیونی دووەمی پێشمەرگە بۆ شنگال، گوتی: "ھەرچەندە ئەم ئوپەراسیونە دوو رۆژی خایاند ئێمە زووتر لەو كاتەش دەمانتوانی كۆنترۆڵی بكەین لەبەر ئەوەی رێگەكانی ستراتیجیمان لە پشتەوە كۆنترۆڵ كردبوو. ئیتر داعش ئیرادەی شكا و زۆربەیان ھەڵاتن و ئەو سەركەوتنەش بەهۆی داڕشتنی پلانی تۆكمە بوو ھەروەھا رۆڵی ھاوپەیمانان و بوێری و چاونەترسی پێشمەرگە و سیستەماتیكبوونی ھێزی پێشمەرگە وای كردەوە كە لەو ماوەیە زووە، ئازاد بكرێت و ئەمانەش ھەمووی لە كاتێكدایە كە داعش وایدەزانی شنگال ناكەوێت بەڵام پلانیان شكستی هێنا".
لەبارەی پڕوپاگەندەی راگەیاندنی ھەندێ لایەن لەسەر پرسی ئازادكردنی شنگال، عەزیز وەیسی لەمبارەوە بە شەفافی وەڵامی ئەوانی دایەوە و گوتی: "ئێمە پلانی رزگاركردنی شنگالمان دانا و جێبەجێشمان كرد و ئەوانەی پڕوپاگەندەی جیاواز دەكەن كۆمەڵێك لایەنی كاتیین و ئایا ھەركەسێك دەتوانێت ئاڵای خۆی لە سەر خاكێك هەڵبدات و بڵێت من رزگارم كرد؟ بەڵام لە راستیدا چی ھەیە و كێ شنگالی رزگار كرد و كێ دەیپارێزێت؟ ئەوە شتێكی دیكەیە و ھەر ئێستاش ئێمە لە سەنگەری شەڕین و ئەوانەی پڕوپاگەندە دەكەن ئێستا لەكوێن؟ ئەم رەوشەش تەواو دەبێت و لە ماوەیەكی نزیكدا دامەزاراوەكانی حكوومی و هەروەها خەڵكیش دەگەڕێنەوە. ھیواخوازین ئەوانەی پڕوپاگەندە دەكەن و دەرفەت دەقۆزنەوە و سەركەوتنەكان دەدزن، بزانن كە بەرژەوەندی خەڵك لە سەرووی ھەموو شتێكەوەیە و ئێرە شارێكی توركیا یان رۆژئاوا نییە، شارێكی باشووری كوردستانە و هەتا ئێستا گرێدراوی حكوومەتی فیدراڵییە و سەر بە ھەرێمی كوردستانە".
ئەو ھەروەھا گوتی: "ئەو ھەڵسوكەوتەوی پەكەكە لەو ناوچەیە دەبێتە ھۆی دڵڕەشی لە نێوان كورد و ھەموو كارێك لە نیەتدا دیار دەكەوێت و ئەگەر ئەوان لە یارمەتی خەڵكی شنگال نیازپاك بووایەن، پڕوپاگەندەیان نەدەكرد و دەگەڕانەوە. پەیوەندی ئێمە لەگەڵ توركیا باشە و لە رووی ئابووری و سیاسییەوە ئێمە گرێدراوی یەكترین و توركیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و لە پەكەكە قبووڵی ناكەین ئێرە بكاتە مەیدانی شەڕ لەگەڵ توركیا. ھیواخوازم كورد لە پرۆسەی سیاسی توركیا رۆڵی بنەڕەتی ببینن و فشار بخەنەسەر ئەو كارە خراپانە و ئەو خاڵانەی كە ھەڵەن و لە بەرامبەریدا راوەستن و بەپێی قسەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی ھەموو جارێك دەڵێت 'نابێت كورد بە دەستی كورد بكوژرێت' و با ئێمە تەواوكەری یەكتر بین".
وەیسی، ئاوڕێكی لە ئازادكردنی كۆبانێ دایەوە و گوتی: "هەروەك چۆن پێشمەرگە بەھانای كۆبانێوە رۆیشت و گەڕایەوە، ئەوانیش با بگەڕێنەوە. ئەگەر ماڵی كەسێك بسووتێت و بۆ یارمەتیدان بچین بە خاوەن ماڵ بڵێین كە ئێرە ماڵی ئێمەیە و ئەوەش لە كاتێدا كە داوای لێ نەكرابێت. دەبێت ئەوان رێز لە بیروباوەڕی ئێزدییەكان بگرن. داعش دەیویست ئێزدییەكان بكات بە موسوڵمان و ئەوانیش كارێكی وادەكەن، بانگەوازی ئێزدییەكان دەكەن بۆ كومۆنیستی با دەست لەو كارانە هەڵگرن و لە زیانی ھەموو لایەنێكە و ئەوان كەسی باشیان لە نێودا ھەیە. پەكەكە لەو ناوچەیە ئێستا ھانی خەڵك دەدەن كە ببنە حەشدی شەعبی و پارە لە حكوومەتی عێراق وەربگرن و بێگومان حەشد بۆ بەرژەوەندی ئێزدییەكان و كورد نایەتە ئەم ناوچەیە. ئەوان تەنیا دەیانەوێت بۆشایی و كێشەكان قووڵتر بكەن".
عەزیز وەیسی لەبارەی گرنگی شنگال بۆ رۆژئاوا گوتی: "پەكەكە لە ئێستادا لە چەند شوێن لە شەڕدایە ھەر لە رۆژئاوا هەتا باكوور ئەوەی ئێستا لەو ناوچەیە دەیكات تەنیا دەستێوەردانە، پێویستە كار و نیەتیان وەك یەك بێت".
لەبارەی ھەڵدانی ئاڵا لە ھەندێ ناوچەی شنگال، ناوبراو دەڵێت: "یەك ئاڵا شەكاوەیە ئەویش ئاڵای كوردستانە و هەموومان لە ژێر ئەو ئاڵایەدا خەبات دەكەین، لێرە یاسا سەروەرە".
سەبارەت بە پرسی هەڵكەندنی خەندەق لە شنگال فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی زێرەڤانی گوتی: "ھەر شوێنێك رزگاری بكەین ھێڵی پاراستنی بۆ دادەنێین و لە شەڕدا ئێمە حیساب بۆ ھەموو دوژمنێك دەكەین و لە ھەمان كاتدا لێدانی خەندەق نابێتە ھۆی راوەستانی پێشمەرگە و ھەموو جارێك دەڵێین ھەر شوێنێك مەترسی بۆ كوردستان هەبێت ئێمە ھێرشی دەكەینەسەری".
عەزیز وەیسی لەبارەی ئوپەراسیونی مووسڵ كە خۆی ئەندامێكی لێژنەی ئوپەراسیونی مووسڵە بۆ ئانادۆڵو روونی كردەوە "لە سەرەتادا ئوپەراسیۆنی مووسڵ بەھۆی تەلەعفەر دواكەوت و وەك دیارە حكوومەتی عێراق ئامادەیی نەبوو و لە ئێستادا ئەوان دڵگەرمیان زیاتر بووە و داعشیش لە ھیستریایەكدایە كە هەتا دێت زیاتر دەكوژرێن و تا ماوەیەكی دیكە چەكدارانی داعش لە مووسڵ كەم دەبنەوە و ھەركاتێك حكوومەتی فیدراڵ ئامادە بێت پێشمەرگەش ئامادەیە".
لەبارەی بەشداربوونی راوێژكارانی بیانی و بەتایبەتی كەنەدی، وەیسی گوتی: "ئەوان بەشداریان لە ئوپەراسیۆنی شنگالدا كرد و ئێمە سوپاسی ھەموو لایەك دەكەین ھەر لە ھاوپەیمانان هەتا ئەو خۆبەخشانەی كە ئێستا شان بەشانی پێشمەرگە شەڕ دەكەن و شوێنی ھاوپەیمانان دیارە و ئەوان لە پلاندانانن و ئەوەش لە بیر نەكەین كە ئیرادەی پێشمەرگە توانی شنگال رزگار بكات".
سەبارەت بە پێشمەرگەی رۆژئاواش، وەیسی گوتی: "حزبەكانی رۆژئاوا داوایان لە ئێمە كرد گەنجەكانیان لەجیاتی پەرتەوازەبوون، با ئێمە رێگەیان بدەین ئەوان ببنە پێشمەرگەی رۆژئاوا و لە ئێستادا لە نێو ھێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی جێگیرن و شان بەشانی پێشمەرگەی باشوور لە دژی تیرۆریستان شەڕ دەكەن و دیارە پەكەكە رێگەیان پێ نادات بچن بۆ خاكی خۆیان كە ئەوەیش زۆر ھەڵەیە و زۆر ھەوڵ دراوە بۆ كۆبانێ بچن بەڵام نەیانھێشت و سەرۆكی ھەرێم لەم بارەوە رۆلێكی گەورەی دیت. ئەو پێشمەرگەیە بە سیستم و ئیرادە و بەقارەمانیەتی پەروەردە بوون".
لەبارەی ھەبوونی ھێزی ناتۆ لە ھەرێم وەیسی گوتی: "تەنیا ناتۆ لە ھەرێم نییە ھەندێ وڵاتی دیكەش بەشدارن لە شەڕی دژی داعش و دەبێت ھەموولایەك ناكۆكی وەلا بنێن و ھەوڵی یەكگرتن بدەن لە دژی داعش هەتا سەركەوتن بەدەست بھێنین و ھەروەھا من لەم باوەڕەدام كە رووسیاش رۆڵێكی باشی ھەبێت لە شەڕی دژی داعشدا".
لە كۆتاییدا سەبارەت بە پرسی حەشدی شەعبی لە شنگال، فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی زێڕەڤانی گوتی: "خەڵكی شنگال ئەوە قبووڵ ناكات و ئەو كارە شەرعییەتی نییە و زیانی زۆر دەگەیەنێت بە ناوچەكە و خەڵك ھەروەھا مەترسییەكە بۆ ئەم ناوچەیە و ئەوانەی یارمەتی حەشدی شەعبی دەدەن، لە داعش خراپترن".
news_share_descriptionsubscription_contact

