Sarmand Hameed
14 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی سەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیاری کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی ھەواڵپرسین لە تەندروستی و بەخێرھێنانەوە سەردانی مەلا بەختیاری کرد.
لەو دیدارەدا قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی دەربڕی کە لەدوای ئەو مەترسییە باری تەندروستیی مەلا بەختیار باشتر بووە و بەسەلامەتی گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان هیوای خواست کە مەلا بەختیار بەزووترین کات بگەڕێتەوە نێو کایەی سیاسیی و رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت.
هەر لەدیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوتوێ کران.
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشمانیی کوردستان، مەلا بەختیار دوای نزیکەی سێ هەفتە لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی لە دەرەوەی وڵات بەهۆی ژەهرخوارد کردنی، ئێوارەی دوێنێ شەممە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان.