Fahrettin İbrahim
04 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2015
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی قسەكانیدا لەسەر پرسی داعش و روانگە و ستراتجییەكان، رایگەیاند كە لە داهاتووی دوای داعش ترسی هەیە.
قوباد تاڵەبانی كە بەشداری پانێلەكەی دیداری مێری دەكرد رایگەیاند كە پێویستە دوای نەمانی داعش ستراتجییەكی گشتگیر لە عێراق دابنرێت و بۆ بەڕێوەبردنی مووسڵ كاری پێویست بكرێت.
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بە تەنیا مووسڵ بەرێوە ببات و پێویستە تایبەتمەندییەكانی مووسڵ لەبەر چاو بگیرێت و بەغدا ستراتجییەكی گشتگیری بۆ ئەو بابەتە هەبێت".
ئەنستیتۆی مێری زنجیرەیەك پانێلی بۆ قسەكردن لەسەر پرسە سیاسی و ئابوورییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق لە رۆژانی ٣ بۆ ٥ی تشرینی دووەم بەڕێوە دەبات كە تێدا ژمارەیەك كەسایەتی سیاسیی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان بەشداری تێدا دەكەن.
بەپێی پڕۆگرامەكانی پێشتر دیاریكراو، دیداری مێری ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ بەردەوام بوو و لەسەر پرسی 'سەركەوتن لە شەڕی داعش، روانگە و ستراتیجییەتەكان' بەشداربووانی پانێلەكان قسەیان كرد.
لەو پانێلەدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ستیوارت جۆنز و راوێژكاری ئاسایشی سەركۆماری عێراق شێروان ئەلوائلی و توێژەری پێشكەوتوو لە ئینستیتیوتی واشنتۆن دێڤید پۆلاك لەسەر تەوەرەكە قسەیان كرد.