ھەولیر
وەزارەتی کاروباری شەھیدانی ھەرێمی کوردستان سێ کابینەیە دامەزراوە، کاری ئەم دەزگایە تۆمارکردن و پۆلێنکردنی ناوی قوربانیان و کەسوکاری زیانلێکەوتوانی دەستی دەسەڵاتەکانی رابردووە لە عێراق, ھەروەھا کاروباری قوربانیانی شەڕی ناوخۆی حیزبە کوردستانیەکانیش لەئەستۆ دەگرێ. ئەوەش وایکردوە بەوەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دابنرێ.
گلەیی خەڵک لەو وەزارەتە ئەوەیە کە ئەم وەزارەتە کەسێک بەڕێوەی ببات یان کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان بێ یاخود کەسەکە پسپۆڕی لەبواری دەروونی و کۆمەڵایەتیدا ھەبێ. لە ھەمان کاتدا بەردەوام رووبەڕوی گلەیی و رەخنەی کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان دەبێتەوە کە ھێشتا پلەبەندی لە موچەی شەھیدان و کەسانی ئەنفالکراوان ھەیە ھەموو ھاوڵاتییان سودمەند نەبوون لە خزمەتگوزارییەکان.
لە کابینەی حەوتی حکومەتی ھەرێم پۆستی وەزارەت درا بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بۆ دووساڵە ئارام ئەحمەد کە ناسراوە بە مامۆستا ئارام بەریِوەی دەبا، ئەو لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدایە پێشتر لەشاخ پێشمەرگەبووە و بۆ پەیامنێری AA گوتی کە ھاوسەرەکەی خەڵکی ھەڵەبجەیە و وەک زۆرێک لەھاوڵاتییانی ئەو شارە کیمیایی بەرکەوتوە.
مامۆستا ئارام لەوگفتوگۆیە لەگەڵ AA گوتی: "لە دواترین سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا داواکرا پرۆژەیەکیان بۆ رەوانە بکەین، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوان، ئێمەش لیژنەیەکی پسپۆڕمان دانا بۆ لێکۆڵینەوە لەزەرەرو زیانەکان، چونکە ھەرێمی کوردستان لە رابردوودا رووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابوری و ژینگەی و کۆمەڵایەتی بۆتەوە، بۆیە پێویستە ژێرخانی ژیانی بینابکرێتەوە."
ئارام ئەحمەد گوتیشی ئەو پرۆژەیە کەوەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان ئامادەیکردوە، زیانەکان بەپێی ئامار لە ساڵی ١٩٦٣-٢٠٠٣خراونەتەڕوو کە ئەمانەن.
زیانی گیانی: ٣٠٦،٨٤٩،٩٥٠،٠٠٠
زیانی ماڵی: ٣٢،٨٤٨،٢٥٢،٦٠٠
زیانی ژینگە: ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠
زیانی ناراستەوخۆ: ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠
زیانی پشتگوێ خستن: ٣٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠
دووبارە بنیاتنانەوە: ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠
کۆی گشتی: ٣٨٤،٦٩٨،٣٠٢،٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی
وەزیری شەھیدانی ھەرێمی کوردستان، داوای قەرەبووکردنەوە، لە حکومەتی مەرکەزی بەمافێکی ئەو قوربانیانە دادەنێ کە لەئەنجامی کردەوەکانی رژێمی بەعس و حکومەتەکانی تری عێراق ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و چەندین تاوانیان دەرھەقیان ئەنجامدراوە. بۆیە بەگشتی تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک کیمیاباران، کوشتن، وێرانکردن و راگواستن و دەستدرێژی ھەروەھا تاوانی دژە مرۆڤایەتی دەرھەق بە فەیلی و بارزانییەکان ئەنجامدراون."
مامۆستا ئارام رایشیگەیاند کە لە سی ساڵی رابردوو کوردستان رووبەڕووی زیانی مرۆڤی و مادی و گیانی بۆتەوە، تەنیا لەزیانی مرۆڤی ٢٠٠ ھەزار کەس لەناوبراون، ٦٥ ھەزار کەس تاوانی دژەمرۆڤایەتیان بەرامبەرکراوە، ١٨.٧٠٠ کەمئەندام بوون، ١٠ھەزار زیندانی سیاسی. ٥١٦،٨٩٩ کەس راگوێزراون بەپێی بەماددەی ١٤٠. ھەروەھا ٦٠٠ ھەزار خێزان راگوێزراون لەماوەی راگواستن و بارکردنی بەزۆر ٥٣٠.٠٠٠ کەس پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە لەھەر خێزانێک."
ھەروەھا زیانی مادی ٥٠٠٣ گوند. ٢٥٠.١٥٠ باخچەی ماڵان. ٨٣٤ قووتابخانە. ٣٥٠ نەخۆشخانە. ٦٥ بنکەی پۆلیس و ھێزەکانی ناوخۆ ٢٣.٧٣٤.٩٠٨ ئاژەڵ و حەیوان لەناو براون.
پاش ١٠ ساڵ لەڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، کەچی ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان داوای قەرەبوو دەکاتەوە لەبەغدا. وەزیرەکەی حکومەتی ھەرێمیش ھاوڕایە لەوەی کەدرەنگ کەوتوون، ھۆکار ئەوەبووە پێشتر حکومەت تازە دامەزرابووە بەڵام ئێستا ئەو حکومەتە لەسەر پێی خۆی وەستاوە.
ماددەی ١١٢ی دەستوری عێراق دەی سەلمێنی ئەو شوێنانەی لە عێراقدا بەھۆی سیاسیەتی دەسەڵاتەکانی رابردوو زیانیان بەرکەوتووە، دەبێ حکومەتی ئێستا قەرەبوویان بکاتەوە. ھەروەھا بەپێی ماددەی ١٣٢ ھاتوو دەوڵەتی عێراق ئەرکیەتی چاودێری و سەرپەرشتی قوربانیان و زیندانیانی سیاسی و راگوێزراوان بکات، ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی دوای ٢٠٠٣ دانی بەتاوانەکاندا ناوە کەروویانداوە.
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کودستان، ئارام ئەحمەد دەڵێ: "ئێمە و بەغدا شەریکین لە عێراق، بەڵام شەریکایەتی دەبێ لەسەربنەمای عەدالەت بێ و بەپێی دەستور داھاتی عێراق بەعەدالەت دابەشبکرێ ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە، دەبێ رەچاوبکرێن. بەداخەوە تەنیا بەشێکی جێبەجێ کراوە، بەعەدالەت بودجە نادرێتە کوردستان کە پێویستی بە بیناکردنەوەیە، بۆیە ئەرکی ھەرێمی کوردستانە داوای قەرەبوو و مافی خۆمان بکا."
لەبارەی ئەو بڕەپارەی وەک قەرەبوو دەستنیشانیان کردوە، مامۆستا ئارام دەڵێ "دیراسەمان کردوە بەراورد بەقەرەبووی چەندین وڵات نزیکترینیان وڵاتی کوێتە ئەوان چەند سەت شەھید و بێسەروشوێنێکیان ھەیە لەگەڵ ھەندێ زیانی ئابوری کەچی داوای زیاتر لە ٣٥٠ ملیار دۆلاریانکرد، بەڵام ئێمە بەس ئەنفال نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسمان ئەنفالکراوە، جگەلە دەیان زەرەری تر ھەرباس ناکرێ داوای ٣٨٤ ملیارمانکردوە."
وەزیری کاروباری شەھیدانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی "مەرج نیە ئێستا عێراق پارەکە ھەمووی بۆ ھەریمی کوردستان خەرج بکات، لەئێستا بۆ وڵاتی کوێت زیاتر لە ٥٢ ملیار دۆلاری قۆناغ قۆناغ داوەتەوە، ئەگەر بگوتری عێراق لەتوانایدا نیە ئێستا بودجەی عێراق لەساڵی ٢٠١٤ داھاتی زیاتر لە ١٧٤ تریلۆن دینارە دەکرێ بەقۆناغ قۆناغ قەرەبووی ھەرێمیش بکاتەوە، بۆئەوەی عێراق بچێتە پەیڕەوکردنی دادپەروەری و ئەو نیاز پاکیەی تێدابێ کە ئاشتەوای و پێکەوە ژیان لە وڵات ھەبێ."
رۆژی ٦ی مانگی ھەشتی ئەمساڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پرۆژەی قەرەبووکردنەوەیان رەوانەی بەغدا کردوە. کەچی تا ئێستا بەغدا وەڵامی نەداونەتەوە، بەپێی یاسایی ژمارە ٥ی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر ھاتوو زیان لێکەوتوانی دەستی رژێمەکانی رابردوو لە عێراق لەماوەی سێ مانگ بەغدا قەرەبووی نەکردنەوە، ئەوا ھەرێمی کوردستان مافی ھەیە بژاردەی تر ھەڵبژێرێ.
لەمبارە مامۆستا ئارام بۆ AA گوتی: "لەمانگی ھەشتەوە پرۆژەی قەرەبووکردنەوەمان داوەتە حکومەتی عێراق بەڵام تائێستاکە وەڵامیان نەداوینەتەوە، ئەگەر زانیمان بێ وەڵامن بەپێی یاسا رێگایەکی تر دەگرینەبەر."
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە، ھەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ ناوەند ھەیە لەسەر دەرماڵەی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ و پرسی نەوت. قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانیش یەکێکە لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام ئەوەی پرسی قەرەبوو لە ماددەی ١٤٠ و پارەی پێشمەرگە جیادەکاتەوە، ھەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە پێنجی پەرلەمانی کوردستان دەتوانێ رێیەکی دیکە ھەڵبژێرێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەغدا وەک ولاتی کوێت دەچێتە ژێر باری داواکارییەکانی ھەرێم؟ یاخود لەسەر قەرەبووکردنەوە ھەرێم و بەغدا ناکۆکیەکی تر لەنێوانیان دروست دەبێ؟
news_share_descriptionsubscription_contact



