سلێمانی
كۆبونەوەكە لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، وەفدی گۆڕان رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە نەوشیروان مستەفا و وەفدی یەكێتی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبەكە مەلا بەختیار سەرۆكایەتی دەكرد.
دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا باس لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە و بۆچوونی هەردوولا لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوور كرا.
ئەندامی وەفدی گفتوگۆكانی بزووتنەوەی گۆڕان محەمەد تۆفیق رەحیم گوتی: "ئەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆی نێوان هەردوولا درێژە پێدەری كۆبونەوەكانی پێشترە و پێویستە ئەم جۆرە كۆبونەوانە بەردەوامی هەبێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش ئەنجام بدرێت تاوەكو هەمووان بگەینە ئەنجامێكی هاوبەش".
ئەو گوتی: "هەڵوێستەكانی هەردوولامان زۆر لە یەكەوە نزیكە لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوور، بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش كۆدەبینەوە".
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان عیماد ئەحمەد گوتی: "ئەو دۆخەی ئێستا پێویستی بەوە هەیە چارەسەرێكی هاوبەش و سازانێكی نیشتمانی بۆ بدۆزینەوە".
عیماد ئەحمەد گوتی:"هەردوولا لەگەڵ ئەوەین سیستمەكە سیستمێكی پەرلەمانی بێت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی رێكبخرێنەوە و بەشێوەیەكی هاوسەنگ دەسەڵاتەكان دابەش بكرێنەوە، هەروەها سەرۆك و جێگرەكەی لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێن".
ئاماژەی بەوەش كرد، لە زۆر خاڵی دیكەدا لەگەڵ گۆڕان هاوبەشن، بۆ هەمان پرس سەردانی لایەنەكانی دیكەش دەكەن و هەوڵی گەیشتن بە سازانی نیشتمانی دەدەن.
بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە ٢٠.٨.٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ درێژكراوەتەوە، لە ٢٠.٨.٢٠١٥ كۆتای دێت.
لە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی لەدەستدایە پێش ئەوەی هەرێمی كوردستان، بگاتە بۆشایی یاسایی دەیەوێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكە پرسی سەرۆكایەتی یەكلایی بكاتەوە.
لایەنەكانی دیكەش لە كۆبوونەوە و هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەیشتنە سازان و ئەنجامێكی هاوبەش لەسەر ئەو پرسە.