سلێمانی
كەمپی عەربەت (25 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) یەكێكە لەو كەمپانەی سنووری پارێزگای سلێمانی كە نزیكەی دوو هەزار ماڵباتی ئاوارەی عەرەبی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و ئەنبار و مووسڵ و ئێزیدی تێدایە .
زۆرینەی ماڵباتەكانی نێو كەمپەكە لە دانیشتوانی گوندەكانی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و ئەنبارن و پێشتر لە ناوچەكانی خۆیان سەرقاڵی كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بوون، هەریەك لەوان خاوەنی ژمارەیەكی زۆر خێزانن و بژێوی ژیانیان خراپەو داهاتێكی ئەوتۆیان نییە.
لە نێو ئەو ماڵباتانەشدا چەند كەسێك هەیە كە بەدەست نەخۆشییەوە گیرۆدەن و رۆژانە ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن و پێویستیان بە هاوكاری و بەدەمەوەچوون هەیە.
زوهێر ئەحمەد گەنجێكی تەمەن 20 ساڵانە و یەكێكە لە ئاوارەكانی نێو كەمپەكە، ئەو پێش شەش مانگ لەگەڵ خانەوادەكەی بە خۆی و عەرەبانەكەیەوە لە شارەدێی یەسریب لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە ئاوارەی سلێمانی بووە.
زوهێر وەك لە زاری دایكییەوە رایگەیاند لە تەمەنی منداڵیدا بەهۆی كەوتنێكی توندەوە سەری ئازاری پێگەیشتووە و تووشی ئیفلیجی هاتووە، لەو كاتەوە تائێستا لەسەر عەرەبانە ژیان دەكات و توانای قاچەكان و ژیری لەدەستداوە و دایكی خزمەتی دەكات.
ئەو بەو دۆخەوە لە ژێر دەستی داعش هەڵهاتووە و بە چەند رۆژێك لەگەڵ خانەوادەكەی گەیشتونەتە شاری سلێمانی و لە كەمپی عەربەت نیشتەجێ بووە.
دایكی دەڵێت، "تەندروستی و دۆخی كوڕەكەی لە نێو كەمپەكەدا و لەم گەرمایەی هاویندا خراپە و پێویستی زۆریان بە ئاوڕ لێدانەوە و پشتیوانی حكوومەت و رێكخراوەكانی خێرخواز هەیە".
سەراب ئیسماعیل كچێكی گەنجی دیكەی نێو كەمپەكەیە و تەنها یەك گورچیلەی هەیە، ئەو گورچیلەیەشی تەواو نییە و هەفتانە دوو جار پێویستی بە شۆردن و پاككردنەوە هەیە.
سەراب دەڵێت: "لە هەفتەیەكدا چەند جارێك دەبێت بچمە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بۆ پاككردنەوەی گورچیلەم كە زۆر خراپە، بەڵام بەهۆی خراپی بژێوی ژیانمانەوە ناتوانم هەموو جارێك بچمە سلێمانی و جار نا جارێك دەچمە سلێمانی و بۆ هەر سەردانێك پێویستم بە هەشت هەزار دینار هەیە".
سەراب خۆی خاوەنی یەك گورچیلەیە، پێش شەش مانگ و لە كاتی ئاوارە بوونیان لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە بۆ ماوەی 15 رۆژ لە مەكتەب خالید ماونەتەوە.
ئەو دەڵێت، دۆخیان لەو ناوچەیە زۆر خراپ بووە ئاوی خواردنەوەی لە ئاوی زێرابی مەكتەبەكە بووە، ئەوەش دۆخی تەندروستی ئەوی تێكداوە و دواتر زانیویەتی كە گورچیلەی پەكی كەوتووە.
ئێستا سەراب لە رێگەی دوو سۆندەوە كە لە ملی دانراوە هەفتانە پێویستە دووجار سەردانی نەخۆشخانەی سلێمانی بكات و شتنەوەی گورچیلەی بۆ ئەنجام بدرێت، نەبوونی ئاوی پاكی خواردنەوە و دۆخی كەمپەكەش ژیانی خراپتر كردووە.
ئەو لە خێزانێكدا دەژی كە 11 سەر خێزانن و بژێوی ژیانیشیان لەسەر برا تەمەن 20 ساڵەكەیەتی كە چەند رۆژ جارێك كارێكی دەست دەكەوێت.
ئەو نەخۆشانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان و گەرمای هاویندا دۆخی تەندروستییان خراپتر بووە و پێویستی بە پەلەیان بە هاوكاری و چارەسەری پزیشكی و ئاوڕ لێدانەوە هەیە.
زوهێر و سەراب دوو نموونەی ئەو نەخۆشانەن كە لەنێو كەمپەكەدا ژیان دەكەن و دۆخێكی سەختیان هەیە .