بەغدا
دوای كۆبوونەوەی نێوانیان، سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و سەركوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئوغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسە پەیوەندییدارەكانی ئەو دیدارەیان دایەوە.
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئوغڵو رایگەیاند: "پشتیوانی حكوومەتی عێراق دەبین بۆ ئاسایش و سەقامگیری لەم وڵاتە. هەر مەترسییەك لە دژی ئێوە دروست بێ دەوڵەتی توركیا دەرگەی خۆی لەسەر پەنابەران دەكاتەوە. ئێمە خوازیارین لە سووریا ئارامییەك دروست بێت. ئەگەر ئاشتییەك لە سووریا دروست بێ كاریگەریی دەبێت لەسەر عێراق. بۆیە ئێمە پشتگیری لە ئاسایشی و سەقامگیریی عێراق دەكەین".
سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی لەوە كردەوە كە ئاسایش لە عێراق كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی توركیا دەبێت و بۆیە وڵاتەكەی ئامادەی هەرچەشنە هاوكارییەكە لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە عێراقدا.
داودئوغڵو راشیگەیاند كە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دڵخۆشین كە هەر دوو دەوڵەت پەیوەندیمان هەبێ و خۆشحاڵیش دەبین بە هاتنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە.
داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رایگەیاند: "هەر مەترسییەك لەسەر عێراق دروست بێت بە هەڕەشەیەك بۆ سەر توركیای دەزانین و ئەو چالاكیانەی كە داعش لە سووریا و عێراق دەیكەن، ئێمە ئیدانەی دەكەین. ئێمە ئامادەین بەیەكەوە لە دژی تیرۆر خەبات بكەین و پشتیوانیتان بكەین. ئەگەر لە سووریا ئارامی دروست بێ ئەوە كاریگەری لەسەر هەموو هەرێمەكە دەبێت. ئێمە لەو بارەوە ئامادەین هەموو هاوكارییەك بكەین. من پێم وایە كە ئەگەر كێشەی سووریا چارەسەر بكرێت ئەوە قەیرانی تیرۆر لە عێراقیش چارەسەر دەبێ. دووپاتی دەكەمەوە كە ئێمە ئامادەین پشتیوانی لە ئێوە بكەین لە شەڕی دژ بە تیرۆر".
داودئوغڵو لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی تۆمەتەكانی هاوكاریی توركیا بۆ رێكخراوی داعش گوتی: "كەس ناتوانێ بیسەلمێنی كە ئەوان لە توركیاوە دەربازی سووریا بوون. ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار پەنابەر لە شارەكانی باشووری توركیا هەن و ژمارەیان لە هاووڵاتییانی توركیا لەو ناوچەیە زیاترە. زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلارمان بۆ ئاوارەکانی سووریا خەرج كردووە، ئەوە هەمووی درۆیە؟ ئێمە ئەو شتەمان بۆ ئەورووپییەكانیش دووبارە كردووەتەوە. ساڵانە نزیك بە 45 ملیۆن وەكو گەشتیار سەردانی توركیا دەكەن. ئێمە بەبێ زانیاری پێشوەخت ناتوانین پێشی ئەو گەشتیارانە بگرین بەو بیانوانە. نزیك 10 ملیۆن سووری بوونە پەنابەر لە جیهان. خەڵكێكی زۆر دەیانەوێت كە ئاژاوەگێڕی بكەن، ئەگەر بەڵگەیەك لەسەر ئەو تۆمەتە لەبەردەست دایە با بیخەنەڕوو".
عەبادی: "لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش حكوومەتی عێراق خوازیاری هاوكاریی و هەماهەنگییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە بوارەكانی ئابووری، سیاسی. پێمان وایە ئەگەر لەو بوارانەدا بتوانین دیالۆگ بكەین، نەك لە ئاستی دەوڵەت بەڵكو وەكو دوو نەتەوەش دەتوانین چارەسەری كێشەكان بكەین. لە بەرژەوەندی عێراقە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیادا هەبێت".
عەبادی جەختی لەوە كردەوە كە سەردانی وڵاتانی دراوسێی عێراق دەكات و سوپاسی هەموو لایەنێكی كرد كە خوازیاری ئارامین لە عێراق. لەسەر پرسی نەوت لە عێراقیش عەبادی رایگەیاند كە سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاندووە لەسەر ئەو پرسە لە چوارچێوەی یاساكانی نێودەوڵەتی و شەفافانە دەجووڵێینەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بارەی دۆسیەی سەریازیش سوپاسی سەرۆكوەزیرانی توركیای كرد كە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوكاریی عێراقییەكان لە شەڕی دژ بە داعش.