Hemin Hüseyin
24 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
دوێنێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرپەرشتی ئەمینداری گشتی ئەو حزبە، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا کە نزیکەی دە کاتژمێری خایاند و کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بە پرسی کشانەوە لە حکوومەت و ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ماوەی بیست رۆژ مۆڵەت درا بە حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی مەرجەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جێبەجێ بکات و لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی حکوومەتیش ئەوا یەکگرتووی ئیسلامیی بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەدات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هادی عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی بارودۆخی سیاسیی و قەیرانی دارایی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەگشتی و باری ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەخۆران و نیگەرانیی و ناڕەزایەتییەکانی شەقام تاوتوێ کران، هەروەک ئەرک و بەرپرسیاریەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە خرایەبەر باس و گفتوگۆ، بۆیە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەسەر چەند خاڵێک هەڵوەستەی کرد".
سەبارەت بەو چەند خاڵەی کە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هادی عەلی گوتی: "کۆبوونەوەکە داوا دەکات لێژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کە بەداخەوە رەوتی مەدەنی و ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەکان بە لاڕێدا برا و چەندین کارەسات و رووداوی نەخوازراوی لێکەوتەوە، بۆیە ئەم لێژنەیە کاری جددی بکات بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوە بێتاوانەکان و ئاشکراکردنی ئەو دەست و کەسانەی کە ئاراستەی خۆپێشاندەرەکانی بەرەو توندوتیژی بردووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".
هادی عەلی گوتیشی: "کۆبوونەوەکە داوا دەکات کە حکوومەت بە خێرایی وەڵامی داوا رەواکانی خۆپێشاندەران بداتەوە بە دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا و باشکردنی بژێوی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییەکان و لەو چوارچێوەیەشدا کۆبوونەوەکە داوا دەکات کە حاڵەتی بەسەربازیکردنی شارەکان کۆتایی پێ بهێنرێت چونکە رێگاچارەی ئەمنیی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و هەر جۆرە بێدەنگ کردنێکی میدیایی لە دەرەوەی یاسا رەت دەکەینەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بە خاڵێکی دیکە کرد وەک مەرجی بەردەوامبوونی حزبەکان لە حکوومەت و گوتی: "کۆبوونەوەکە بە پێویستی زانی لەو بارەیەوە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەڵوێست لە بەرژەوەندی باشکردنی بژیوی هاووڵاتییان وەربگرێت و بۆیە بڕیاری دا بە سەقفێکی زەمەنی دیاریکراو تا ١٥/١/٢٠١٨ وەک مۆڵەتێک بداتە حکوومەتی هەرێم و لەو ماوەیەشدا شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی یاداشتنامەیەک لەبارەی داخوازییەکانی خەڵک و هاووڵاتییان بداتە حکوومەت و داوای لێبکات کە بە زوترین کات بڕیاری جددی بۆ جێبەجێکردنیان بکات".
هادی عەلی گوتیشی: "لە حاڵەتی بەدەمەوە نەهاتنی حکوومەت و دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە، ئەوا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەدات".
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خاوەنی ١٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان و دوو وەزارەت و دەستەیەکە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆش ماوەی بیست رۆژی وەک مۆڵەتێک داوەتە حکوومەت و بڕیاریداوە لە حاڵەتی بەدەمەوە نەهاتنی حکوومەت بۆ مەرجەکانی ئەو حزبە ئەوە ئەوان بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەدەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی بڕیاری کشانەوەیان داوە لە حکوومەت و تا ئێستاش وەزیرەکانییان نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە.