سلێمانی
لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنووسیدا سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان كۆڕێكی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە میدیاكار و چالاكوانانی بواری مافەكانی مرۆڤ و مامۆستایانی ئاینی سازكرد بۆ راگەیاندنی راپۆرتێك بە ناونیشانی "زمانێكی توڕە دەربارەی گوتاری بانگخواز لە میدیای ئیسلامیدا".
لە راپۆرتەكەدا رایانگەیاند لە 112 نموونەی ووتاری مامۆستایانی ئاینی كە لەرێی میدیا و ماس میدیاوە بڵاوكراوەتەوە 32 ووتار بۆ پرۆژەكە وەرگیراوە كە تیایدا بە چەندین شێوەی جیاواز هێرش دەكەنە سەر ئازادیەكانی تاك و گوتاری هەڕەشە و توندڕەوی لەناو خەڵكدا بڵاودەكەنەوە كە پێویستە هەموو میدیا و میدیاكاران بە میدیا ئیسلامی و عەلمانیەكانەوە بە یەك ئاراستەی نیشتمانی كاربكەن دوور لە بڵاوكردنەوەی زمانی رق و توڕەیی .
ئاریان محەمەد خاوەنی بیرۆكە و پرۆژەكەی سەنتەری میترۆ گوتی: "لە بنەڕەتدا ئەو پرۆژەیە بۆ خوێندنەوە و هەڵهێنجانی بەشێك لە گووتاری رووخسارە ئاینییەكانی كوردستانە لەپێناو خوێندنەوە و بەراورد كردنیان بە یاسا و رێسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان و پەیماننامەی شەرەفی رۆژنامەنووسی, بەشێك لەو پیاوە ئاینییانە لەرێی میدیای ئیسلامیەوە رۆژانە دێن بیانوو بۆ توندوتیژی دەدۆزنەوە و دێن لەڕێی بەخشینەوەی تۆمەت سووكایەتی بە ئازادیەكانی ژن و مرۆڤی كورد دەكەن و بەتێڕوانینی خۆیان لیستی حەرام و حەڵاڵ بەسەر كۆمەڵگادا دەبەخشنەوە ".
گوتیشی: "ئامانجی پرۆژەكەی ئێمە بۆ راستكردنەوە و تێگەیاندنی ئەو مامۆستا ئاینیانەیە و بۆ دژایەتی دین نییە و دەمانەوێت رێبگرین لەوەی بەو گوتارانە كۆمەڵگا بەرەو ئاشوبێكی كۆمەڵایەتی بەرن, چونكە ئەو گوتارە گوتاری ئاینی كوردی نییە بەڵكو گوتارێكی هاوردە كراوی عەرەبییە".
دەربارەی ئەوەی چی وایكرد كە دەست بەنە پرۆژەكە گوتی: "لەڕاستیدا مەترسی لەسەر ژیانی هەموومان هەیە بەهۆی ئەو جۆرە گوتارانە و وەك چۆن دژی ئەو گوتارە ئاینیانەین دژی گوتاری رەگەزپەرستیشین چونكە مرۆڤ و میدیاكاری راستگۆ دەبێت دژی هەموو جۆرێكی توندوتیژی بێت".
یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان بەشێكی بەشداری كۆنگرەكە بوون, مامۆستا نەجمەدین سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان لە ووتەیەكیدا كە پێشكەشی كرد گوتی: "پێویستە رۆژنامەنووسان و میدیاكاران كاتێك مامۆستایەكی ئاینی یان كەسێكی ئیسلامی گوتارێكی توندڕەو بڵاودەكاتەوە لەسەر دینی ئیسلام و مزگەوت حسابی نەكەن و بە موڵكی شەخسی ئەو كەسە خۆی بزانن كە جێگای داخە زۆر كات لەو كاتانەدا كارەكە پەلی كێشاوە بۆ دژایەتی دین لە كاتێكدا دین دژی توندوتیژیە بە هەموو جۆرەكانیەوە".
گوتیشی: "ِۆژنامەنووسان هەڵگری پەیامێكی گرنگ و پیرۆزن و گرنگە پەیامەكەیان بە پیرۆزی بە پاكی بهێڵنەوە و داكۆكی لە ئازادی هەمووان بكەن هەروەك چۆن ئێمەش وەك مامۆستایانی ئاینی هەڵگری پەیامی خۆمانین و دژی رق و توندوتیژین".هیواشی خواست گوتاری توندوتیژی بانگخوازێك یان مامۆستایەكی ئاینی لەسەر ئیسلام و مزگەوت حسابی بۆ نەكرێت بەڵكو لەو كاتانەدا پێویستە هەماهەنگی دروست بكرێت لەنێوان زانایانی ئاینی و میدیاكاران بۆ بەپەرچدانەوەی توندوتیژی و بڵاوكردنەوەی رق و كینە.
گوتیشی: "پێویستە هەموومان رێز لەیەكتری بگرین لەم كۆمەڵگا و نیشتمانە بە عەلمانی و ئیسلامی و مەسیحی و هەموو نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانەوە و كەسمان هەقی منەتمان نییە لەسەر ئەوی تر و ئەم نیشتمانە هی هەموومانە و كەسمان زیاد نیین لەم نیشتمانە".
لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوێنە بۆ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنووسی ووتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا گوتی: "كەمبوونەوەی پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لەم هەرێمە بەرهەمی ئەقلیەتی سیاسی ئێمە نین و نەك كەمی نەكردووە بەڵكو تابێت لەزیاد بووندایە".
بۆیە گوتی: "لە رۆژی ئازادی رۆژنامەگەریدا ئەبێت ئەو راستیە تاڵە بڵێین كە پێشێلكارییەكان لەم هەرێمە لە زیادبوندایە بەڵام ئەبێت ئەوەش بڵێین كە رۆژێك دێت ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین چونكە هەمیشە هێزی ئازادی زاڵبووە بەسەر بەرەی دژ بە ئازادیدا و رۆژێك دێت دەگەین بەو قۆناغەی كە ئازادیەكان لە ئاسمانی ئەم هەرێمە دەدرەوشێنەوە".