کەرکووک - ھەژار رەشید
جێگری لیوای یەكی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە پێکهاتووە کە کەمینەی ئایینی كاكەیی رائید فەرهاد نەزەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "لە دوێنی ئێوارەوە تیرۆریستانی داعش دەستیان بەجموجۆڵ كردووە بەتایبەتیش لە نزیك گوندەكانی كاكەیی و هەفتەغار و ئەلبونەجمەوە كە سەرجەم ئەو گوندانە دەكەونە باشووری شارۆچكەی داقووقەوە بۆیە هێزەكانی پێشمەرگەیش كەوتنە ئامادەباشییەوە".
گوتی: "رۆژی رابردوو جموجۆڵەكانیان زیادی كرد و بە ئاراستە گوندەكان دەهاتن بۆیە هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی هاوەن و دۆشكە دەستیان بەهێرش كرد بۆسەریان ئەوانیش وەڵامیان دایەوە بەڵام لە ئێستادا شەڕەكە وەستاوە ئێمەش لە ئامادەباشیداین".
ئەو فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە روونیشی كردەوە "هیچ كەسێك لە هێزەكانی پێشمەرگە بریندار و شەهید نەبووە و زیانەكانی تیرۆریستانیش تا ئێستا نەزانراوە چەندە لەو شەڕەدا".
بەڕێوەبەری ئاسایشی سەر بەپارتی لە داقووق موقەدەم پۆڵا ئەحمەد بە ئانادۆڵوی راگەیاند: "جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە دوێنی ئێوارەوە دەستی پێكرد بەڵام دواتر زانیان هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە شارۆچكەی داقووق ئاگاداری پلانەكەیانن جموجۆڵەكانیان راگرت بەڵام ئێمە هەر لە ئامادەباشیداین چی لەناو داقووق بۆ پاراستنی هاووڵاتیان چی لە سەنگەرەكان بۆ پاراستنی سنوورەكە و رێگری كردن لە تیرۆریستانی داعش".
گوتیشی: "هێزەكانی ئاسایش بەردەوام لە شوێنەگشتییەكانی شارۆچكەی داقووق بوونیان هەیە و هەر رووداوێكی نەخوازراویش ببینن راستەوخۆ دەچنە شوێنەكانی دیكەی ئەو شارۆچكەیە ئەمەش بۆ ئەوەیە گیان و سەری هاووڵاتیان هەردەم پارێزراوبێت".
فەرماندەی هێزەكانی كاكەیی لە باشوری شارۆچكەی داقووق رائید مەریوان تەها رایگەیاند: "ئەو سەنگەرانەی كە ئێمەی تێدایە كە ناوچەی كاكەییە زۆر بەرفراوانە و لەم چەند رۆژەشدا جموجۆڵێكی زۆری داعش دەستی پێكرد لە ناوچەكە ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە داعش لە خۆیان دەترسێن, هەرچەندە هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەباشی تەواوی هەیە شەو تاكو بەیانی سەنگەرەكانی خۆیان دەپارێزن".
سۆران محەمەد یەكێك لە پێشمەرگەكانی دوا سەنگەرەكان لە باشووری شارۆچكەی داقووق گوتی: "لە سنووری داقووق ئێمە ئامادەین بۆ هەر رووبەڕوو بوونەوەیەك لەگەڵ تیرۆریستانی داعش چونكە ئەوان تەنها ئەو كەسانەیان لەگەڵدایە كەكەسانی بێ سەرپەرشتن و هەموو نەتەوەیەك و وڵاتێکی تێدایە بەڵام ئێمە كەبوونمان هەیە لەم ناوچەیە بەرگری كردنە لە نیشتمانمان و شەرەف و ناموسی خۆمان".
سەلام جەلال یەكێك لە هاووڵاتیانی شارۆچكەی داقووق گوتی: "وەكو هاووڵاتیانی شارۆچكەی داقووق زۆر دەست خۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەین چونكە توانیویانە ئەم سنوورە بپارێزن چونكە ئەگەر ئەوان نەبوونایە بەدڵنیاییەوە ئێمە لەم ناوچەیە سەقامگیریمان نەدەبوو و لە ناو شارۆچكەكەش هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس رۆڵی بەرچاویان هەبووە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە".
هاوکات بەرپرسانی هێزەکانی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە رۆژانی جەژن بکرێتە سەر ناوچەکە، ئەوان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی بەرگری بكەن لە سنوورەكە و ناوچەكە بە ئارامی بهێڵنەوە".
جێگەی باسە شارۆچكەی داقووق 68 گوندی تێدایە لەو ژمارەیەش زیاتر لە 35 گوندی ئێستا لە ژێركۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعش دایە لەوانەش تەنها دوو گوندی كوردن و ئەوانی دیكەی سەرجەمیان عەرەب نشینن.