دیاربەکر
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، ماھیر ئونال بە مەبەستی کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند لایەنێک سەردانی شاری دیاربەکری کرد.
ئونال لە کۆبوونەوەی دەستەی پارتەکەی لە ئۆتێلێکی ئەو شارە ھەڵسەنگاندنی بۆ قۆناغی چارەسەریی کرد و رایگەیاند کە ئەوان وەک ئاکپارتی ھەر لە سەرتاوە بەمەبەستی بنیاتنانەوەی تورکیا و بەھێزکردنی چینی ناوەند و ئازادی مرۆڤ ئەم رێگەیان گرتووەتەبەر.
ناوبراو گوتیشی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەم وڵاتە ھەمیشە کەمتەرخەمی کراوە و رێگای دیکە بەکار ھاتووە، ھاوکات بۆ ئەمەش هەتا ئێستا ٤٠ ھەزار کەس قوربانی داوە و بەرەوپێشچوونی ٣٠ ساڵمان بەفیڕۆ دا".
ئونال راشیگەیاند کە ئاک پارتی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە بابەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری لەبەرچاو گرتووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، ماھیر ئونال لەبارەی قۆناغی چارەسەرییەوە زیاتر گوتی: "ھەدەپە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەتا ئێستا چ گۆڕانکارییەکی کردووە. ئێوە هەتا ئێستا سەروەری چەکتان قبووڵە، ئیرادەیەکی بەھێزتان نییە بۆ بە سەروەری بوونی سیاسەتی دیموکراسی".
ئونال لەبارەی شەڕی ناوخۆی سووریاوە رایگەیاند کە ئەوان جیاوازی لە نێوان کورد و تورکمانەکان و عەرەبی سووریا ناکەن و بێ دەنگیش نابن بەرامبەر ئەو ستەمەی کە لە خەڵکی ناوچەکە دەکرێت.
ئونال راشیگەیاند کە کوردەکان لە کاتی رژێمی بەشاری ئەسەد مافی ھاووڵاتی بوونیان نەبووە و لە پاڵ ئەمەشدا گوتی: "ئەوکاتە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو داوای لە ئەسەد کرد کە مافی کوردەکان بدات، ھاوکات تورکیا لەو کاتەوە خەمی مافی برایانی کوردی ھەبووە. ئایا ئێستا چۆن بەرگری لە مافی ئەوان ناکات".
ناوبراو هەروەها راشیگەیاند کە ٢٠٠ ھەزار کورد ھاتووەتە خاکی تورکیا و ھاوکات گوتیشی: "بۆ ئەوەی کۆبانێ نەکەوێت رێگەمان دا بۆ ئەوەی سوپای سووریای ئازاد و پێشمەرگە بە خاکی تورکیا تێپەڕ بێت، ئێمە لە ١٠ی تشرینی یەکەم ٢٠١٣ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رێکخراوی داعشمان بە تیرۆرست ناساند".
ئونال لە کۆتاییدا گوتی: "ئەوکاتەی ساڵح موسلیم ھاتووەتە تورکیا داوایان لێ کردووە بەپاڵپشتی ١١٤ وڵات ھاوشان بێت لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەڵام ئەو لەگەڵ ئەسەد ھاوشان بووە سەرەڕای ئەمەش تورکیا پاڵپشتی کۆبانێی کردووە".