Rewa Mahmut Hasan
23 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2016
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ لەمیانی گوتەیەکیدا لە ئەنجوومەنی فیدراڵی وڵاتەکەی (پەرلەمان) باسی لە ژمارەیەک پرسی ناوچەیی و جیهانی کرد.
لەبەشێکی گوتەکانیدا مێرکڵ ئاماژەی بەوەدا کە لەناو ئەڵمانیادا لەسەر پرسی پەکەکە، زیاتر لە ٤ هەزار سکاڵا تۆمار کراوە و بەبێ ئەوەی سیاسەت دەستوەربداتە کاروباری دادگاوە، بڕیاری کۆتایی دەدرێت لەسەریان و گوتی: "دەبێت رێز لە بڕیارەکان بگیرێت. لەلایەکی ترەوە حکوومەتی ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا لەهەوڵی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دایە بەڵام ئەمە مانای وا نییە کە ئازادی رادەربڕین بەرتەسک بکرێتەوە و بە هەزاران کەس دەستگیر بکرێت. هەربۆیە زۆر بەڕوونی دەبێت ئەمە رەخنەی لێ بگیرێت. هاوکات دەبێت کەناڵەکانی دیالۆگ لەگەڵ تورکیادا بەکراوەیی بهێڵرێتەوە".
مێرکڵ ئاماژەی بەوەدا کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، فرانک ڤالتەر شتاینمایەر چەند کۆبوونەوەیەکی سەختی ئەنجام داوە بەڵام هاوکات ئەو لەگەڵ بەکراوەیی هێشتنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگە لەگەڵ تورکیا و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان پێویستیان بە هاریکاری هەیە لەگەڵ تورکیا و گوتی: "هەرچەندە ئەمە ناکاتە ئەوەی دەستبەرداری گوتنی ئەو شتانە بین کە دەیبینین و مایەی زەنگێکە بۆمان".
لەسەر پێشهاتەکانی سووریا و شاری حەلەب باکووری ئەو وڵاتە، ئەنگێلا مێرکل نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: "دەبێت ئەمە بڵێم، بەشێوەیەکی ئەنقەست نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تەندروستی بۆردومان دەکرێن. ئەمە کارێکی قەدەغەیە بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتی، دەبێت سزا بدرێن. دەبێت رژێمی ئەسەدیش ئەمە بزانێت. نیگەرانین لە پشتگیری رووسیا بۆ رژێم".
مێرکڵ رایگەیاند کە پێشهاتەکانی سووریا ئومێدەکانیان کەم دەکەنەوە بەڵام دەبێت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیانە بەردەوامی هەبێت.