Ozhin Jola
11 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2021
کەرکووک – AA
بۆ جاری سێیەم دادگای سەربازیی مووسڵ نووسراوی جەختکردنەوە ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک دەکات و داوای لێپیچینەوە لە ژمارەیەک ئەفسەری بەڕێوبەرایەتیەکە دەکات کە بەشداربوون لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ریفراندۆمدا.
ئەو بڕیارەی دادگای سەربازیی عێراق لەکاتێکدایە بەرلە ریفراندۆم، وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوی ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک کردووە کە نابێت ھیچ کارمەندێکی پۆلیس بەشداری پرۆسەی ریفراندۆم بکات و ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان بپارێزن.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بۆ جاری سێیەم دادگای سەربازیی مووسڵ نووسراوی جەختکردنەوەی ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک کردووە بۆ لێپێچینەوە لەو ئەفسەرانەی بەشداریان لە ھەڵبژاردنی ریفراندۆمدا کردووە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئەو ئەفسەرانە لە نووسراوەکەی دادگادا ناویان ھاتووە ژمارەیان پەنجا کەس دەبن و سەرجەمیان کارمەندی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک-ن".
ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس باسی لەوەکرد، ئاشکرابوونی ناوی ئەو کەسانەی بەشداریان لە پرۆسەی ریفراندۆم کردووە، وێنەی خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردۆتەوە.
بەڕێوبەری پێشووى پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، عەمید سەرحەد قادر کە یەکێکە لەو ئەفسەرانەی ناوی لە لیستەکەی دادگای سەربازیدا ھاتووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو نووسراوەی دادگای سەربازیی بۆ جەختکردنەوەیە لە ھەمان ئەو نووسراوانەی پێشووترە کە داوای چوونی ئێمە دەکات بۆ بەردەم دادگا ئەویش بەھۆی بەشداریکردنمان لە پرۆسەی ریفراندۆم".
لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧دا، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک ئەنجامدرا .