Azat muhemmet
24 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر – AA
فەرماندە لە هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى مەخموور، لیوا زریان شێخ وەسانى رایگەیاند: "هێرشى حەشدى شەعبى بە پاڵپشتى سوپاى عێراق لە میحوەرى مەخموور لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگە تێکشکێنراوە و زیانى زۆرى گیانى و ماددیشیان بەرکەوتووە".
فەرماندە لە هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى مەخموور، لیوا زریان شێخ وەسانى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵۆ گوتى: "پێشمەرگە شکستى بە هەموو ئەو هەوڵانە هێنا کە حەشدى شەعبى بە پاڵپشتى سوپاى عێراق بۆ داگیرکردنى خاکى کوردستان ئەنجامیدا لە ئێستاشدا حەشدى شەعبى و هێزە عێراقییەکان لە هەوڵى دووبارە هێرشکردنەوەن، بەڵام هێزەکانى پێشمەرگە لەوپەڕى ئامادەباشیدان و رووبەڕوویان دەبنەوە".
ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى پێشمەرگە لەبارەى زیانەکانەوە دەڵێت "لە رووبەڕووبوونەوەکانماندا لەگەڵ چەکدارانى حەشدى و شەعبى و سوپاى عێراق لە سنوورى مەخموور چوار هەمەرى سەربازى حەشدى شەعبیمان تەقاندووەتەوە و ژمارەیەک لە چەکدارەکانیشیان کوژراون، بەداخەوە پێشمەرگەیەکیش لە پێکدادانەکان شەهید بوو".
لیوا زریان شێخ وەسانى گوتى: "حەشدى شەعبى بۆ داگیرکردنى خاکى هەرێمى کوردستان روویان لە سنوورەکە کردووە، ئێمەیش وەک هێزى پێشمەرگە فەرمانى بەرگریکردن لە خاک و خەڵکى هەرێمى کوردستانمان پێگەیشتووە و رێگە نادەین سنوور ببەزێنن".