Hemn Baban
01 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2016
پێشانگای كتێب و بەرهەمە فەرهەنگی و هونەرییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر كرایەوە و پێشانگەیەكی كاریكاتۆریی سیاسیش سەرنجی میوانان رادەكێشێت، لە پێشانگاكەدا ئەمریكا و ئیسرائیل وەكو پشتیوانانی داعش نمایشكرا بوون، وەزیری رۆشنبیری و لاوان خالید دۆسكی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "پێشانگاكە كارێكی باشە و لەدرێژەی پەیوەندییە رۆشنبیری و كولتوورییەكانی هەردوولایە".
لە پێشانگاكەی كۆماری ئیسلامی ئێران چوار زانكۆ و ناوەندی زانستی و حەوت خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە و چەندین ناوەندی دیكە بەشدارن.
سەعات 9:30ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە پێشانگای كتێب و بەرهەمە فەرهەنگی و هونەرییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر كرایەوە، پێشانگاكە كە سەركونسوڵ و جێگری كونسوڵی ئێران لە هەولێر سەرپەرشتییان دەكرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكان و رۆشنبیری و لاوان و پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێكی دیكەی حكوومی بەڕێوەچوو.
پاش بڕینی شریتی كردنەوەی پێشانگاكە ئامادەبووان گوێیان بۆ چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز و چەند سروودێكی ئایینی گرت كە چەند هونەرمەندێكی دەنگخۆشی ئێرانی خرۆشیان خستبووە هۆڵەكەوە.
لە پێشانگاكەدا كە تا 8ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت چوار زانكۆ و ناوەندی زانستی، حەوت خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، سێ ناوەندی چاپی سی دی و كتێب، پێنج ناوەندی كاری دەستی، پێنج ناوەندی چاپی كتێبی منداڵان و نەوجەوانان، سێ سەنتەری چاپی قورئانی پیرۆز تێیدا بەشدارن.
لە پێشانگاكەدا وێڕای كتێبەكان زۆریی وێنەكانی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی لەبەرچاو بزر نەدەبوون و لە هەرچاو تروكانێدا عەكسێكی ئەو بەرچاو دەكەوت، لەنێو خانەی چاپی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش زۆرترین وێنە هەبوون، لە پێچێك و بە دووری چەند مەترێك لە دەروازەی هۆڵەكە پێشانگایەكی كاریكاتۆر قیت بووبوویەوە كە بۆ بینینی تەواوی پێشانگاكە دەبوو چاو لەو تابلۆ سیاسییانەش بكرێت، 30 تابلۆی رەنگاورەنگی دانسقە لەكوالیتی بەدیوارەكەوە هەڵواسرا بوون كە تانەوتەشەر بوون بۆ داعش، لە نێو تابلۆكاندا نمایشكردنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما و سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئیهۆد باراك بە پشتیوانانی داعش و داعشیش وەكو داشی دامەی ئەو دوو وڵاتە جێی سەرنج بوون، بە كورتی وێنەكانی پێشانگاكە دروشمە بەناوبانگەكەی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی"مەرگ بەر ئەمریكا"ی زۆر بە روونی لێ دەخوێنرانەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی هەرێم و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دۆستی ژمارە یەكی خۆیان لە شەڕی دژ بەداعش بەتایبەت دەناسێنن.
سەباری ئەوانە لەو پێشانگایەدا كاری دەستی و چەندین كتێبی زانستی و فەرهەنگی و كتێبی ئایینی و منداڵان هەبوون، لەوێ خانەیەكی چاپیش كتێبی كوردیی نمایشكردبوو، كتێبەكان بە زۆرینە بەهەردوو زمانی فارسی و عەرەبی بوون، دواتر ئینگلیزی و كوردی. كارە دەستییەكانیش بەشێكی زۆریان تابلۆی هەڵواسینی دیواری بوون.
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خالید دۆسكی لەوبارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی هاوبەشی لەگەڵ وەزیری شەهیدان و پارێزگاری هەولێر و جێگری كونسوڵی گشتی ئێران بۆ راگەیاندنەكان گوتی: "دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی ئەم پێشانگایە دەكەم، بەكارێكی باش هاتە پێش چاوم و ئەوە دەچێتە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە رۆشنبیری و كولتوورییەی لەنێوان هەردوو لا هەیە، پێشانگاكە بۆ ئەوەیە خەڵكی ئێمە ئاشنای بزووتنەوەی كتێب و كاری دەستی ئێران ببێت".
گوتیشی: "ئەو پێشانگایە لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان لەشەڕێكی قورسدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت كە هێشتا ژیان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بزووتنەوەی رۆشنبیری و پێشانگای كتێب بەردەوامە".
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لەوبارەیەوە بۆ راگەیاندنەكان گوتی: "ئەمڕۆ ئەم پێشانگایە لەم كاتە دەكرێت كە هەم لە یادی 37 ساڵەی یادی كۆچی دوایی بارزانی نەمرە و هەم سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەی پەرلەمانی ئێرانە و ئومێد دەكەین پەیوەندییەكانی هەردوولا بەرەو باشتر بچێت، پەیوەندییەكانیشمان زۆر باشە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران".
وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكان مەحموود حاجی ساڵح لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان گوتی: "كردنەوەی ئەو جۆرە پێشانگایانە لە رووی ئەدەبی و فەرهەنگییەوە زۆر پێویستە، ئێمە لە قۆناغێكی هەستیار و شەڕداین، لەلایەك شەڕ لەدژی تیرۆریستان دەكەین و لەلایەكی دیكەوە لە رووی رۆشنبیرییەوە وڵاتەكەمان بەرەو پێشەوە دەبەین".
جێگری سەركونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر موحسن باوەفا لەبارەی پێشانگاكەوە گوتی: "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هەموو ئەوانەی لە شەڕی دژ بە داعش شەهید بوون، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئەم پێشانگایە كتێبی هەمەجۆری زانكۆیی و زانستی و رۆشنبیری گشتی لەخۆدەگرێت، ئومێد دەكەین سوودی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت شاری هەولێر ببێت".