Sarmand Hameed
24 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وادەی دیارییکراودا لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا کردەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا جارێکی دیکە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وادەی دیارییکراودا کردووەتەوە و رایگەیاندووە "حکوومەت سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو تەواوکردووە و رژدیشە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە وادەی دیاریکراودا لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، عێراق رووبەڕووی ژمارەیەک ئاڵنگاریی بووەتەوە و پێویستە هەمووان پێکەوە کار بۆ تێپەڕاندنی بکەین و بە ئاراستەی چاکسازیی هەنگاو بنێین و گوتی: "چاکسازیی تاکە چارەسەرە بۆ گەشەپێدانی وڵات و کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی هاووڵاتییان".
لەلای خۆیەوە، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامیدا، ئاشکرای کرد کە کۆنگرەی بەغدا بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی ئاب بەڕێوەدەچێت.