Hawkar Yaseen
10 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لێ کرا.
فڕۆکەی تایبەت بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاتژمێر١٠:٠٠ گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەريمی کوردستان، مەسرور بارزانی-یەوە پێشوازی لێ کرا.
لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەریەک لە جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، هەروەها جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و وەزیرانی ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوە ئامادەبوون.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی مستەفا کازمی، بارەگای بارزانی و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دەبێت.
دواتر بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم و ئەندامانی کابینەکەی کۆبوونەوەیەکی هەبێت و دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی تاوتوێ بکات.
پرسی بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ی عێراقی فیدرال و لەنێویدا داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
مستەفا کازمی هەروەها لە سەردانەکەیدا، پرسی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاساکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا، هەروەها ژمارەیەک دەروازەی سنووریی لە هەرێمی کوردستان بەسەر دەکاتەوە.
مستەفا کازمی لە درێژەی سەردانەکەیدا، سەردانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەکات.