ھەولێر - AA
موقتەدا یان بەڕەکە لەژێر پێی ئێران و ئەمریکییەکان دەردەھێنێت و سەرۆکوەزیرانی داھاتوو دیاری دەکات، یان ئەوان بەڕەکەی لەژێر پێ دەردەھێنن و دەیکەنەوە ژمارەیەکی بچووک.
- "موقتەدا، تێکەڵەیەک لە ئایین و سیاسەت"
ئەو پیاوەی یەک دەیە لەمەوبەر، پنتاگۆن و ئەمریکییەکان بە"مەترسیی یەکەم" بۆ سەقامگیریی عێراق ناویان دەبرد لە ھەڵبژادنە گشتییەکەی چەند رۆژی رابردوودا لە ترۆپکی لیستێکی ٨٧ ھاوپەیمانییەتی و قەوارەی سیاسیی بەشدار لەو ھەڵبژاردنە لەنگەری گرت، ھاوپەیمانییەتی سائیرون کە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەکات ٥٤ کورسیی لە کۆی ئەو ٣٢٩ کورسییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەست ھێنا و بوو بە براوەی ژمارە یەک.
ئێستا "حەننانە"، ئەو گەڕەکەی موقتەدا سەدری لێ نیشتەجێیە لە پایتەختی ئایینیی شیعەکانی عێراق "نەجەف" بووەتە رووگەی رکابەرەکانی، ئەوان دەیانەوێت پاڵ بە دیوارە قایمەکەی سەدرەوە بدەن و لێرەوە لە ماڵە کۆنەکەیەوە ھێڵە سەرەکییەکانی نەخشەی چوار ساڵی داھاتووی عێراق بکێشن.موقتەدا سەدر، پیاوێک زیاتر لە ھەموو کاتێکی دیکە ئێستا بووەتە جێی باس و خواسی ھەموو ماڵ و شەقامێکی عێراقی، سەدر تێکەڵەیەک لە ئایین و سیاسەت، ئەو سەرکردە میلـلییەی نە ئەمریکا خۆشی پێ دێت و نە ئێرانییەکانیش چارەیان دەوێت، ھەردوولاش سەرسەختانە کار دەکەن تا نەپەڕێتەوە بەری بەرامبەر، ئەو پوازی نێوان ئێرانییەکان و ئەمریکییەکانە و وەکو خۆی دەیڵێت دەیەوێت ئەم لا و ئەو لا نەکات و بڕیارەکانی عێراق عێراقی بن.
ئەوانەی لەگەڵ موقتەدا ھەڵسوکەوتیان کردووە و تێکەڵن دەڵێن ئەو پیاوێکە پڕاوپڕ لە ناکۆکی و گۆڕانکاریی لە ھەڵوێستەکانی لە لایەک و توند لەسەر داوکارییەکانی بەدیوێکی دیکە، ئەم چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر وەکو موجاھیدێک دەرکەوت و دواتریش سیاسەتی "تەڵاق" دا و خۆی بۆ "خواپەرستی" تەرخانکرد، ئێستا پڕچەک بە ملیۆنەها دەنگی دەنگدەران و سندوقەکانی دەنگدانەوە ھاتووەتەوە و دەیەوێت ببێتەوە ژمارەیەکی قورستر لەوەی پێشووتر دەردەکەوت، بۆ ئەمجارەشیان خۆی وەکو چاودێری بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی دەناسێنێت کە ئێستا عێراقی دووچاری سەدان دەردی کوشندە کردووەتەوە.
ئەو ھاوپەیمانییەتەی کە سەدر سەرۆکایەتی دەکات بە ناوی "سائرون" توانی لە ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاردا، ٥٤ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان بەدەست بھێنێت و لە ریزبەندی یەکەم ببێت. لە پارێزگای بەغداش لە پلەی یەکەمی لیستەکاندایە و ١٧ کورسی ھەیە، پاشان ھاوپەیمانییەتی فەتح بە سەرۆکایەتی ھادی عامری دێت کە زۆرێک لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت و ٤٧ کورسیی بەدەستھێناوە و دوای ئەویش ھاوپەیمانییەتی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی بە ٤٢ کورسی دێت.
قسەی باو و نزیکترین لە راستییەوە ئەوەیە کە لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ سێ لایەن بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵ و قسەی کۆتاییان ھەیە ئەوانیش ئەمریکا، ئێران و مەرجەعییەتی شیعی، بەڵام ئەمجارە ھەموو چاوەکان لەدەستی سەدرن بۆ ئەوەی ئاماژە بخاتە سەر ئەو ناوەی کە ئەم دەیەوێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی چوار ساڵی داھاتووی عێراق.
چاودێری سیاسی عێراقی، رەبیع جەواری کە ماستەری لە زانستی سیاسییدا ھەیە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتە سەر دیارترین ئەو ھۆکارانەی موقتەدا سەدر-یان بەرزکردەوە و دەڵێت "دیارترین خاڵە بەھێزەکان کە وایانکرد موقتەدا سەدر زۆرترین کورسی بەدەست بھێنێت بریتیین لە کەسایەتی موقتەدا سەدر، پاڵپشتیکردنی بۆ پرسە رەسەنەکانی عێراق، واتە دژی دەستوەردانی دەرەکییە بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ و بەدیاریکراویش ئێران بۆ پرسەکانی ناوخۆی عێراق، بەتایبەت دەبینین لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ئێران دەستوەردانێکی زۆری ھەیە لە کاروباری عێراق، ئەمەش ھەموو عێراقییەکانیش نیگەران کردووە و لە پاڵ ئەوانەدا تێڕوانینێکی مەدەنییانەی ھەیە سەرباری ئەوەی پیاوێکی ئایینییە، ئەو دەیەوێت دەوڵەتی ھاووڵاتیبوون دابمەزرێنێت و ھی ھەموو پێکھاتەکان بێت، بەتایبەت حزبە ئایینییەکان بینیمان چییان کرد لە عێراق کە عێراقییەکانی نیگەران کردووە".
ئەو درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت "سەدر لە کۆبوونەوەی دواییدا لەگەڵ عەبادی مەرجی ئەوەی ھەبووە کە عەبادی لە حزبی دەعوە دەربچێت، بۆیە ئەگەر ھاوپەیمانییەتی لە نێوان ھاوپەیمانییەتی سائیرون و ھاوپەیمانییەتی نەسر بە سەرۆکایەتی عەبادی و لایەنی کوردستانی و لایەنی سوننەکان بێت ئەوا شتێکی باش دەبێت و پێشبینی دەکەین سەدر بۆ ئەم تێڕوانینە بچێت".
- "سەدر لە شیعەیەکی توندڕەوەوە بۆ ھاوپەیمانی شیوعییەکان"
کەوتنی پەیکەرەکەی سەدام حوسێن لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا لە ٢٠٠٣ موقتەدا سەدر و سەدان سیاسیی لە وێنەی ئەمی دەرخست، شێوەی سەدان سیاسیی عێراق دەرکەوتن، ئەو لە ١٢ی ئابی ١٩٧٣ لە شاری کوفە باشووری بەغدا لەدایکبووە، کوڕی چوارەمی یەکێک لە دیارترین پیاوانی ئایینیی شیعە مەزھەب، محەمەد محەمەد سادق سەدرە کە بە ھۆی جەربەزیی و بەرھەڵستکارییەکەی بۆ سەدام حوسێن لە ١٩٩٩ لەگەڵ دوو لە کوڕەکانی کوژرا.
موقتەدا سەدر پیاوێکی کەڵەگەتی چوارشانەی دەموچاو خڕ، ریشێکی ماش و برنجیی تەنک دەھێڵێتەوە و لە تەماشاکردنی بەرامبەرەکانی چاو تیژە، ئەو عەبایەکی عەرەبیی لەسەرشانە، وا دەردەکەوێت پیاوێکی توڕە و توندبێت لەوانەی کەم پێدەکەنێت، کەم دوو.
دەرکەوتنی زەقی موقتەدا سەدر بۆ ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە کاتێک ھەزاران گەنجی شیعە مەزھەبی بە ناوی "دژایەتیکردنی داگیرکەران" لە سوپایەک بە ناوی "سوپای مەھدی" لەخۆی کۆکردەوە کە مەبەست لێی لێدان بوو لە ئەمریکییەکان بەتایبەت دوای ئەوەی ئەممان بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی پیاوی ئایینی شیعە مەزھەب، عەبدولمەجید ئەلخوئی تۆمەتباریان کرد و ویستییان لە نەجەف دەستگیری بکەن. سەدر لە ئابی ٢٠٠٤ لەدژی ئەمریکییەکان لە نەجەف کەوتە شەڕێکی کەمەرشکێنی ئەوتۆ کە زیاتر لە ھەزار کەس لە لایەنگرانی کوژران و ئەوێ کات ئەمریکا سەدر و ئەم سوپایەی ئەممیان بە گەورەترین ھەڕەشە لە سەقامگیری عێراق ناودەبرد.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە تێوەگلان لە کوشتنی ھەزارن گەنجی سوننە مەزھەب لە عێراقی نێوان ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ پەنجەی تۆمەت بۆ سەدر و میلیشیاکەی رادەکێشرێت کە ھەر ئەمەش ناچاری کرد عێراق بەجێ بھێڵێت، بە یەکێک لە بیانووی بەھێزبوونی گرووپی ئەلقاعیدە لە عێراق دادەنرێت.
دواتر و پاش بەگوڕبوونی ناکۆکییە مەزھەبییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ ئەم ھێزەی سەدر پەنجەی بۆ راکێشرا کە ھۆکاری کوشتنی ھەزاران کەسە لە رۆڵەکانی سوننە، ئەو تۆمەتانە سەدری ناچار کرد عێراق بەجێ بھێڵێت و دواتر دەرکەوت کە ئەو بۆ خوێندن لە شاری قومی ئێران رۆیشتووە.
لە ئابی ٢٠٠٨ سەدر میلیشای سوپای مەھدی ھەڵوەشاندەوە، بەڵام دەستھەڵگرتنی لە دژایەتی ئەمریکییەکان رانەگەیاند، دواتریش سەدر کە ھێشتا پلەی موجتەھیدی لە حەوزەی قوم وەرنەگرتووە کە رێگەی دەدات فەتوا دەربکات وەکو سیاسییەک ھاتەوە مەیدان و فراکسیۆنی لە پەرلەمانی عێراق ھەبوو و رەوتی سەدری دروستکرد و لەنێو نێوەندی میللیی شیعەکان خاوەنی جەماوەرێکی تایبەت بەخۆیەتی کە ھەمیشە بە پاڵپشتی ھەژاران دەناسرێت.
لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠١٠ رەوتی سەدر توانی ٤٠ کورسیی پەرلەمان بباتەوە و رەوتەکەی حەوت وەزارەتی بەربکەوێت، بەڵام دواتر کەوتە رەخنەبارانکردنی نوری مالیکی و بوو بە یەکێک لە سەرسەختترین نەیارەکانی.
سەبارەت بە توانستی موقتەدا سەدر بۆ رێگریکردن لە دەستوەردانی وڵاتانی بیانی لە سیاسەت لە عێراق، رەبیع جەواری دەڵێت "ئومێد دەکەین بتوانێت رێگری لە دەستوەردانی ئەمریکا و ئێران بکات، چونکە ئەوە خەڵکی بێزارکردووە، دەبێت ئەوەی عێراق ھەڵدەسوڕێنێت عێراقی بێت و فەرمان لە وڵاتانی دیکەوە وەرنەگرێت، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە بووە ھۆکاری شەڕی تایفی و ھاتنی گرووپی داعش بۆ عێراق، بۆیە موقتەدا سەدر دەستوەردانی وڵاتان رەت دەکاتەوە".
- سەدر تابۆکە دەشکێنێت یان خۆی رادەست دەکات؟
موقتەدا سەدر پاشان دەستبەرداربوونی لە سیاسەت راگەیاند، بەڵام دواجار چەندین جار داوای خۆپیشاندانی لە لایەنگرانی کردووە و چەندین ھەفتە ھێناونییەتیە سەر شەقام لە بەغدا و شارەکانی دیکەش، ئەو کە بە "پیاوی خۆپیشاندانی ملیۆنی" دەناسرێت، جیاواز لە پیاوە ئایینییەکانی دیکە، ئەم جیاواز لە سیاسییەکانی دیکەی شیعە سێ ساڵە "تەحریر" مەیدانی رزگاریخوازانی عێراق لایەنگرانی ئەم پیاوە ئایینییەی بۆ سپیکردنی عەمامە رەشەکەی لە قوم تێدەکۆشێت لەگەڵ شیوعییەکان "کۆنە دوژمنەکانیان" کۆ دەکاتەوە و دروشمی" دژایەتی گەندەڵی" شیوعی و شیعە سەدرییەکانی کۆکردووەتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ دوای دەرکەوتنی داعش، موقتەدا سەدر دەرکەوتەوە و "سەرایا سەلام"ی بۆ بەرگری لە مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان و کڵێسای کریستیانەکانی دروستکرد، دژایەتییەکی زۆری مالیکیشی دەکرد.
ئێستا ئەمریکییەکان و رۆژئاوا تا رادەیەک پشت بەو پیاوە دەبەستن کە بەلای ئەوانەوە پێش یەک دەیە لەمەوبەر داواکراوی یەکەم بوو، بە ھۆی ئەو شەڕەی ئەم دژی ئەمان دەیکرد.
موقتەدا سەدر لە یەکەم کاردانەوەکانیدا لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایار دوو ھەڵوێستی دەربڕی کە دەیەوێت لە رێگەیانەوە ئەوە نیشان بدات کە ئەو ناکەوێتە ژێر رکێفی ھیچ کام لەو دوو جەمسەرەی پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراقیان یەکلاییکردووەتەوە "ئێران و ئەمریکا"، ئەو ھەر زوو کۆتایی ھەفتەی رابردوو داوای لە سەرکردەی ھاوپەیمانییەتییەکان کرد سەرباری ناکۆکییەکان کۆببنەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی "تەکنۆکراتی پاکی باوکانە" و رایگەیاند کە دەستوەردانی نوێنەری ئەمریکییەکان لە کاروباری عێراق کارێکی قێزەونە، وەک ئاماژەیەک بۆ سەردانی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، برێت ماکگۆرک بۆ عێراق .
لە بەرامبەر ئەمەشدا دواتر کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵێوزانی وڵاتانی دراوسێی عێراق "تورکیا، سعوودیە، ئوردن، سووریا، کوێت"، کرد جگە لە باڵیۆزی ئێران نەبێت کە ئەمەش لە نامەیەک بۆ ئێرانییەکان دەچێت کە ئێستا قاسم سلێمان-یان ناردووەتە عێراق بۆ مەسەلەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
رەبیع جەواری لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پێی وایە سەدر نە لە ئێرانەوە و نە لە ئەمریکاوە نزیک نییە، ئەو روونی دەکاتەوە "موقتەدا سەدر نە لە ئێرانەوە نزیکە و نە لە ئەمریکاوە، بڕوام وایە مەیلی ئێرانی و ئەمریکیشی نییە، پێمایە سەدر رۆڵەی شەقامی عێراقە و ھەر بۆیە دەنگی زۆری ھێناوە و شەرعییەتی لەم شەقامەوە وەرگرتووە، سەدر دەتوانێت لە یەک وتاردا ملیۆنەها کەس بھێنێتە سەر شەقام و ویستی زۆر شت بکات لە سەردەمی مالیکی، بۆیە ئەو دەیەوێت دەوڵەتی مەدەنی دروست بکات، نەوەک وەکو ئەو سیاسەتمەدارانەی کە دەوڵەتی عێراقیان بەرەو گەندەڵیەکی زۆر برد و زیاتر لە ٩٣٥ ملیار دۆلار کە بوودجەی عێراقە لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ و تا ئێستا بەشی زۆری دیار نییە، بۆیە نە لە لایەن ئێرانەوە قبووڵ کراوە نە لە لایەن ئەمریکاوە، ئەو لە لایەک دژی ئەمریکا و لە لاکەی دیکە دژی ئێرانە، ئەگەر لایەنەکان لە گەڵی پاڵپشت بن دەتوانێت حکوومەت پێکبھێنێت و ئەو دەستوەردانانەی ھەیە نەیانھێڵێت".
ئێستا ھەموو چاوەکان لە دەستی سەدر و ھەموو رێگەکان دەچنەوە بۆ ماڵەکەی سەدر لە نەجەف، سەدر دەتوانێت لەژێر ھەژموونی ئێران و ئەمریکا عێراق دەربھێنێت، یان دەبێتە قوربانیی ئەم باوەڕەی یان ئەویش دەچێتەوە سەر رێچکەی ئەوانی دیکە کە خۆی ئەمەیان رەتدەکاتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

