Mazın Asad
08 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2016
بەرلین
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئانجێلا مێرکڵ لەبارەی بڕیارەکانی دوێنێ لە لووتکەی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: "بنەمای فراوانکردنی کاری ھاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا لە روونکردنەوەی ھاوبەش خرایەڕوو".
دوای دیداری مێرکڵ و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی مۆن لە سەرۆکایەتی وەزیرانی ئەڵمانیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز کرا.
مێرکڵ لەبارەی روونکردنەوەی ھاوبەشی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا لە لووتکەی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە دا کە ھەفتەی داھاتوو بڕیارێک لەسەر وردەکارییەکان دەردەکەن و راشیگەیاند لە روونکردنەوە ھاوبەشەکەدا ھەنگاوێکی گرنگیان لەبارەی قەیرانی پەنابەرانەوە بڕیوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها گوتی: "بنەمای فراوانکردنی کاری ھاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا لە روونکردنەوەی ھاوبەش خرایەڕوو" ناوبراو خۆشحاڵی خۆشی سەبارەت بە پێشڤەچوونی پرسی بەرەنگاربوونەوە، دژی کۆچی نایاسایی دەربڕی.
مێرکڵ رەخنەی لە داخستنی سنوورەکانی وڵاتانی باڵکان گرت و راشیگەیاند کە رەوشەکەی یۆنان درێژەی نابێت و بۆیە ناڕەحەتی خۆی سەبارەت بە داخستنی سنوورەکان دەربڕی.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی مۆن ئاماژەی بەوە دا کە پێویست بە ھیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی لووتکەی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا ناکات و گوتیشی: "بەڵام ھیواخوازم ھەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی گونجاو".
بان کی مۆن روونیشی کردەوە کە سەردانی ھەریەک لە وڵاتانی لوبنان، ئوردن، عێراق و تورکیای کردووە کە دراوسێی سووریان و پێشوازی لە پەنابەران دەکەن، ھەروەھا گوتیشی: "سەردانی زۆرێک لە کەمپەکانی جیھانم کردووە. ھێشتا کێشەی پەنابەرانی سووریا کۆتایی پێ نەھاتووە. ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیاریای باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام سەردانی کەمپی پەنابەران دەکەین. بۆیە لێرەوە دەمەوێت بە شانازییەوە ئاماژە بە حکوومەت و گەلی تورکیا بکەم. زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن پەنابەری وەرگرتووە و میواندارییان دەکات. بیربکەنەوە کە چ جۆرێک دەتوانرێت میوانداری ئەو مرۆڤانە بکرێت".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ئەوەشی کرد کە پەنابەران روویان لە چەندین وڵاتی ئەورووپا کردووە و راشیگەیاند: "ئەو وڵاتانە بەشێوەیەکی بونیاتنەر کێشەیەکەیان چارەسەر کردووە". ناوبراو پێی وایە کێشەی پەنابەرانیش چارەسەر دەبێت.
مۆن لە درێژەدا داوای کرد لەوبارەیەوە رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا بۆ چارەسەری کێشەکە بێتە ئاراوە و لە کۆتاییدا لەبارەی ھەڵوێستی بەرامبەر بە پەنابەران، ستایشی رۆڵ و کاریگەریی مێرکڵ کرد.