Hamit Hüseyin
15 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
ماڵپەڕی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە دیدارەکەدا کە ڤینسۆ پوپۆ بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە ھەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کە لە بەغدا تازە دەستی بە کارەکانی کردووە، پێزانینی ھەبوو بۆ ئەو پێشکەوتنە ئیجابیانەی لە ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکە ھاتووەتە ئاراوە و ھەروەھا سوپاس و پێزانینی ھەبوو بۆ رۆڵی بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و پەنادان و حەواندنەوەی سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان. لە بەشێکی تری قسەکانیدا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپای لەمەڕ بارودۆخی ئێستای سووریا بۆ بارزانی شیکردەوە.
لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. وێڕای ئاماژەدان بە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ئەو دۆخەی کە لە سووریاوە ھاتووەتە ئاراوە نیگەرانی و تێبینییەکانی لەسەر رەوش و ئاییندەی گەلی کورد لە سووریا خستەڕوو.
ھەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و دروستبوونی کەشی تازە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئیجابی ھەڵسەنگێندرا.
تاوتوێکردنی ھەڕەشە و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا و ناوچەکە تەوەرێکی تری دیدارە بوو.