Hamit Hüseyin
15 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کردووە لە راوێژکاری باڵای بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، جەنەرال جۆن لۆریمەر و شاندی یاوەری.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاسی بەریتانیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە کە لە شەڕی دژی تیرۆردا ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان و عێراقیان کردووە و جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پشتگیریی بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و رێگریکردن لە مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعش.
هاوکات جەنەراڵ لۆریمەر جەختی لە پابەندیی بەریتانیا بۆ بەردەوامیی پشتگیریی و ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆر کردووەتەوە و ئامادەیی وڵاتەکەیشی بۆ بەردەوامیی ھاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازی و مەشق و راھێنان بە پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە، هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی بە ھاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بوارەدا نیشانداوە.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە ھەردوولا گرنگیی ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر، پەیوەندییەکانی ھەولێر-بەغدا، دۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، پێشھاتەکانی سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە رۆژھەڵاتی فورات بەتایبەتی و باری مرۆیی و دۆخی ناوچەکەیان بەگشتی، تاوتوێکردووە.